فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکســت!

پێشەوا کاکەیی
نووسەر،
……………
بەڵام نانووشتێمەوە.
دێمەوە، بێ نان و بێ نووشتە و بێ شت دێمەوە.
بە کۆمەڵ، مەلەکانی ناو کێڵگەمان کۆ دەکردەوە…
دەخوێنمەوە، وشەکانم خوێنیان لێ دەچۆڕێت.
وەکوو مۆئاییەکی لووتداژەنراو، داڵغەم چەقیو،
دەمەویست بچمەوە ناو خەیاڵ، لە خوێندا شەڵاڵ،
دوور لە دەڵاڵ و حەڵاڵی کوشتنی من،
خۆم ڕاچڵەکيم تا
شەڵاڵبوونی خوێن لە خۆمدا بخوێنمەوە.
تا منیش تێبگەم لە مێشکی مرۆڤی گەنیو،
خوێنی مەییو،
چاوی تەپیو،
چۆن بگات بە دڵێکی گەییو!
نامەوێت هاوکێشەکە ببەستمەوە بە ئێسقانی ڕزیوه‌وه‌،
با ئەم جیهانە بۆ هەموان ببێتە زیو.
ئەم ڕاڤەیە هەمووی بۆ تێگەیشتنە لە زمان
دوور لە دۆشدامان!
ئەو هەموو دەنگ و ڕەنگەی هەیە
کەچی هەر فێر نابێت،
هەر تەمبێ نابێت،
گوێدرێژ 🫏 دێت و لووشکەیەک دەدات لە هەموان،
دەم و فڵقیان تێک دەشکێنێت،
دیسانەوە زمانیان لێک دەکشێت،
لێک دەخشێنەوە و تەڕ دەبنەوە،
دەکەونەوە قسان، بێ نووقسان!
=======
لە کتێبی: #ئۆقیانووسیا_بە_تامی_شیعر

پێشەوا کاکەیی.jpeg