فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەق!

پەخشان مەلا قادر
شاعیر، کەرکووک
………………
لێیان پرسیم شیعر چییە
منیش لە وەڵامدا ووتم:
شیعر چێژە بەهرەیە شیعر بەخششە دیاری یەزدانە
شیعر تینە شیعر گڕە شیعر هاواری ویژدانە
شیعر خوڕە و قەڵبەزەی کانیاوی ڕوونی ناخمانە
شیعر ئامێزی پڕ میهر و لانکەی ئازادی ژنانە
شیعر شەونمە تاڤگەی زيوینە
شیعر سەمفۆنیای عەشق و ئەوینە
شیعر نەسیمی نەوبەهاری یە
شیعر بەرامەی کوردەواری یە
شیعر گڕە پشکۆی سوورە
شیعر ڕێبواری ڕێی دوورە
شیعر ئێشە شیعر ئاخە
دەربڕینی هەستی ناخە
شیعر خەندە و پێکەنینە
شیعر فرمێسک و گرینە
شیعر ئەندێشە و ئازارە
ژیلەمۆی دڵی دڵدارە
شیعر مەشخەڵی خەباتە
ترووسکەی هیوا و ئاواتە
شیعر کانی ناخی ڕوونە
ئەندێشەی کانگای دەروونە
شیعر دڵی پڕ هیوایە
شیعر ئوومێد و بڕوایە
شیعر شەفەقی بەیانە
شیعر سروەی ئێوارانە
شیعر نەشئە و دەربڕینە
شیعر هەتوانی برینە
شیعر چرای شەوەزەنگە
شیعر گۆرانی و ئاهەنگە
شیعر پاراوە وەک باران
ئاودێری ئەکا ناخ و گیان
شیعر وەک گوڵەباخ گەشە
ئارام بەخشی گیان و لەشە
شیعر هاوار و ناڵەیە
ڕقی پیرۆزی تۆڵەیە
شیعر مەلی ئازادی یە
شیعر دژی نادادی یە

پەخشان مەلا قادر.jpeg