فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکســت

 

ھبە فەیسەڵ
نووسەر
…………………..
ئەوە من بووم سەر لە ئێوارەی پایزێک. بە کراسە خەنەییەکەی دایکمەوە، بە ئەسپایی دەرگای باخەکەی پشتەوەتانم ترازاند. لەسەر نووکی پێ، بەسەر چیمەنێکی تەڕ، بە پێپەتی بەرەو دار پرتەقاڵەکەی ئێوە خۆمم خشاند.
مشتێ مێخەکی تازەم سەنی بوو لە عەتاری شار. هاتم دانە دانە بیانچەقێنمە پەلکی پرتەقاڵێک.
بە بیرم دێت چۆن بە مناڵی لە ژێر ئەم دارە پێکەوە لەسەر پشت ڕاکشابووین. تۆ وەک هەموو جارێک هەردوو دەستت لەپشتی سەرت و منیش بە لاتریسکەیەکەوە تەماشای ئەو سێ خاڵەم دەکرد کە لەسەر ڕوومەتەکانت بڵاو بوو بوونەوە. هەموو جارێک دەمژماردن. دەترسام ڕۆژێک بێت و تۆیش لە شەرمدا بیانشاریتەوە.
لەپڕێک ئاوڕت دایەوە و چاوە زیتەکانت بڕییە چاوی نەسرەوتی من. پرسیت داخۆ ئەم پرتەقاڵانەیش وەک من و تۆ هەمیشە یەک بن؟
هێندەی نەبرد تارماییەک لە پشتمەوە نزیک بۆوە و بە گوێمدا چرپاندی. پرسی ئەی دڵە مۆرەکان هان لە کوێ؟ بە نیازنیت ئەوانیش بە قەدی ئەم دارە تینووە هەڵواسی؟!
ئیدی لە ئاست ئەو دەنگە بێگەردەت، لە خورپە و گوژمی دڵم ڕاچڵەکیم، تا چاوم بە دەگمەنیی بەرەبەیانێک هەڵبێت.
#چیرۆک
#من
#تۆ
#مناڵی
#جوانی
#جەرگوجگەر
#💜