دانا ڕەئووف
شانۆکار، دراماتۆرگ،
نووسەر و توێژەری بواری شانۆ
ســـويد
……………………………..
ئەگەر “یۆتۆپیا” وێناکردنی دنیایەکی خەیاڵی و ئیدیالی بێت، ئەوە پێچەوانەکەی “دیستۆپیا“یە، کە گوزارشت له دنیایهکی گهندهڵ و بهزهبر و تۆتالیتاری دهکات. مرۆڤ لە کۆمەڵگە “دیستۆپیاکاندا” لەژێر هەڕەشە و چاودێرییەکی ڕەهادایە و ڕاستییەکان هەمیشە لە گۆڕان دان.هەردوو زاراوەکە، لە بەشێکی گەورەی ئەدەبی جیهانیدا ڕەنگیان داوەتەوە، لەم ڕووەوە دەکرێت بڵێين ڕۆمانی “١٩٨٤“ی “جۆرج ئۆروێڵ“باشترین نموونەی ئەدەبێکی “دیستۆپیا“یە. “ئۆروێڵ” لەم ڕۆمانەدا، کە لەساڵی ١٩٤٨دا نووسیویەتی باسی ئەو پابەندبوونە دەکات بۆ دەسەڵات، کە زۆر گرینگترە لە “ڕاستی“، ئەم پابەندبوونەیش دەرگایەک بە ڕووی دنیایەکدا دەکاتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک پێناسه ڕاستهقینهکهی ئازادی تیادا بهرجهسته نابێت.ئازادی تاک و ئازادی کۆمەڵ دەبێتە چەمکێک، کە دەتوانرێ، بەو شێوەیەی دەسەڵات دەیەوێت، پێناسەی بکرێت.
ڕۆمانی “١٩٨٤“، کە لە شوێن، یاوەخود وڵاتێکی گریمانە کراودا ڕوودەدات، وێنایەکی نەخوازراوی بۆ ئایندە هەیە، کە سیستێمێکی تۆتالیتاریزم و سەرکوتکەر، کۆمەڵگە دەکاتە شتێک، کە هیچ جۆرە سەربەستییەکی تاکەکەسی و تەنانەت هەست و هۆشی ناوەوەی مرۆڤەکان نەهێڵێت، یاوەخود گۆڕانکارییان بەسەردا بکات بەو شێوەیەی ئەو سیستێمە دەیەوێت. لەم کۆمەڵگەیەدا مرۆڤ بەئاسانی، بە ئامڕازەکانی دەسەڵات، بەو شێوەیەی دەیانەوێت، دەگۆڕن. تەنیا شتێک شایانی گۆڕانکاری نییە “حزبە“. “حزب” نامرێ و هەموو شتەکانی تر، بە مرۆڤەکانیشەوە لە خزمەتی ئەو دەزگایەدان، کە ناوی “حزب” و ڕابەرەکەیەتی، یان سەرکردەکەی، کە بە“براگەورە” ناودەبرێت.
حزب شتێک دادەهێنێت، کە بە “دووباوەڕی“ئاماژەی بۆ دەکات، دەکرێ لەم دووباوەڕییەدا، هەموو شتێک ببێت بە پێچەوانەکەی، ئەمەیش بە یارمەتی سیستێمێک، کە دەتوانێت ڕاستییە مێژووییەکە بگۆڕێت. بۆ نموونە دوو و دوو دەکاتە چوار، یان پێنج؛ بوتڵێک تا نیوەی ئاوی تیایە، ئەو بوتڵە لە خوارەوە پڕە، لە هەمان کاتدا، بەپێی چەمکی “دووباوەڕی” دەکری بڵێین بەتاڵە و لەبەشی سەرەوەی هیچی تیا نییە! جەنگ ئاشتییە، سەربەستی کۆیلایەتییە.
“زمان” ڕۆڵێکی ناوازەی هەیە، بەتایبەتی لەو ڕوەوەی، کە دەبێتە ئامڕازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە. “حزب” زمانێکی نوێ دادەهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت بیرکردنەوە سنووردار بکات؛ بۆ ئەم مەبەستە، بڕیار دەدات بە کەم کردنەوەی وشەکان، بۆ ئەوەی قسەکردن و بیرکردنەوە، لە ڕێگای ئەو وشە کەمە دیاریکراوانەوە، سنووردا بکات. لابردن و گۆڕینی مانای وشەکان دەبێتە فەرهەنگە دروستکراوەکەی حزب. لەم ڕوەوە حزب زمان بۆ پەیوەندیکردن بەکارناهێنێت، بەڵکوو چەکێکە بەدەست دەسەڵاتەوە، بەتایبەتی، کە دەتوانێت بەوشێوەیەی دەیەوێت ماناکانی بگۆڕێت.
کارەکتەری ڕۆمانەکە “وینستۆن سمیس” لەم کۆمەڵگە دیستۆپیایەدا دەژی. “وینستۆن” لە یەکێک لە دەزگاکانی ئەم دەسەڵاتەدا، کاری ئەوەیە مێژوو بسڕێتەوە و سەرلەنوێ بەو شێوەیە بینووسێتەوە، کە دەسەڵات لەو ساتەدا بەو شێوەیە دەیەوێت. “وینستۆن” لەپڕ ئەم دەسەڵاتەی “براگەورە” دەخاتە ژێر پرسیارەوە و بیروبۆچوونە قەدەغەکراوەکانی، بەنهێنی دەنووسێتەوە. ئەم بیروبۆچوونە ناڕازییەی “وینستۆن” گومان دروست دەکات و دەیبات بۆ پەیوەندییەکی سۆزداری بە ژولیا–وە، کە ئەویش ئەندامی حزبە. ئەم دووانە خەون بەوەوە دەبینن ئەو دەسەڵاتە بڕوخێنن، بەڵام تەنیا دوو کەس چ توانایەکیان بەرامبەر بە دیکتاتۆرێکی بەهێز و بەتوانای بێباکی وەک “براگەورە” هەیە، بە تایبەتی، کە ژولیا هەموو شتەکان، وەک خۆی دەگەیەنێت بە دەسەڵات. “وینستۆن“یش لە ژووری ژمارە “١٠١“ی ئەشکەنجەداندا خۆی دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی بەخۆیدا بچێتەوە و هۆشی بێتەوە بەرخۆی و بە هەموو بڕوایەوە ددان بەوەدا بنێت، کە دوو و دوو دەکاتە پێنج.
ئەم ڕۆمانەی “ئۆروێڵ” دەبێتە یەکێک لە نمایشە ترسناکە هەرە جوانەکانی شانۆی شار لە ستۆکهۆڵم. بە تەنیا سێ ئەکتەر ئەم ڕۆمانە لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکات و هەر لەسەرەتای نمایشەکەوە، بینەرانیش ڕادەکێشرێنە ناو ڕووداوەکانەوە و دەکرێن بە بەشێک لەو کۆمەڵگە تۆتالیتارە، کە چاودێری بەسەر یەکەوە دەکەن.هەموو بینەرێک بیستەر “هێتفۆن“ی تایبەتی خۆی هەیە و هەر لەسەرەتای نمایشەکەوە، ئەم بیستەرانە دەکەنە گوێیانەوە، لە دەنگێکی نادیارەوە دەچینە جیهانێکەوە، کە ئایندەمان لەژێر چاودێرییەکی ڕەهادایە، تەنانەت هێزە نادیارەکانی دەسەڵات دەتوانێت گوێی لە بچووکترین چرپەمان بێت و هەموو وشەیەک ببێتە درۆیەکی گەورە. ئەم سێ ئەکتەرە، لەسەر شانۆ گەورەکەی شار، هێندە بەسەلیقەوە کار دەکەن، ئەو پانتاییە فراوانەی شانۆکە دەبێتە چۆڵەوانییەک و هەموو شتێک دەبێتە تارماییەکی ترسناک بەسەر ژیانی کارەکتەرەکانەوە، کە کەس نازانێت متمانە بەکێ بکات؟
تەنیا کورسی و مێزێک لەسەر شانۆ دەبینرێت، ئەوەی کاریگەری هەیە و لەچاوتروکانێکدا گۆڕانکاری لە کات و شوێندا دروست دەکات، ئەفسوونی ڕووناکییە. ئەکتەرەکان، لەو کۆمەڵگە و سیستێمە تۆتالیتارەدا، بەهۆی بیستەرەکانەوە، دێنە ناو سەری بینەرانەوە، دیالۆگ و وشە و چرپە و تەنانەت هەناسەی ترسی کارەکتەرەکان، لە مێشک و سەری بینەراندا، وەک زایەڵەیەکی خەتەرناک دەنگدەداتەوە. کە کارەکتەری “وینستۆن” بۆ نموونە بەچرپە و بەوپەری نهێنییەوە، لەگەڵ خۆی قسە دەکات و دەیەوێت بیروبۆچوونە قەدەغەکراوەکانی یاداشت بکات، ئەوە بینەران، لە ڕێگای بیستەرەکانی گوێیانەوە دەیبیستن و هەر زوو “وینستۆن” دەکەوێتە تەڵەکەوە. ئەم دیدە، دیقەتێکی تەواوی لای بینەران دروست کردووە، بەچەشنێک، وەک ئەوەی بینەران هەمیشە لە ڕەوشێکی ئامادەباشیدا بن بۆ ڕوودانی هەر شتێکی نەخوازراو. هۆڵی بینەران بووەتە یەک یەکە، کە بەتەواوی لەژێر چاودێریداین. کۆنسێپتی کارەکە و دیدی دەرهێنان لەم ئامێری بیستەرانەدا “هێتفۆن” کۆبۆتەوە. هەر وەک ڕژێمە تۆتالیتاریستهکان، لەنێو نمایشەکەدا، پیاوەکانی “براگەورە” داوامان لێ دهکهن هەستینە سەرپێ، چەپڵە بۆ “براگەورە” لێ بدەین، یان بیستەرەکانمان لابەرین و سەرلەنوێ بیخەینەوە گوێمان و دابنیشینەوە. بینەرانیش گوێ ڕایەڵن و ئەوەی داوایان لێ دەکرێت، دەیکەن.
ئەم پانتاییە بۆشەی نمایشەکە، لە دیمەنی“ژووری ١٠١“ی ئەشکەنجەدانەکەدا، دەبێت بە دۆزەخێک بۆ “وینستۆن سمیس“، کە ئیتر پیاوەکانی “براگەورە” ناچاری دەکەن، مێژوو بەوشێوەیە بنووسێتەوە، کە ئەوان دەیانەوێت. ئەم دیمەنە لەنێو ژوورێکی شووشەبەندا ڕوودەدات، بەشێوەیەک “وینستۆن” بەئاسانی ناتوانێت، ئەوەی دەیڵێت، پیاوەکانی “براگەورە” گوێیان لێی بێت، لەبەر ئەوەی ئەوان لەودیوو دیوارە شووشەییەکانەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکەن.لەم دیمەنەدا زمانی جەستەی ئەکتەرەکە، لە ئاستێکی بەرزدا گۆزارشت لەو ئازارە دەکات، کە لەژێر ئەشکەنجەدا تووشی هاتووە. بیرۆکەی“دووباوەڕی” زیاتر لەم دیمەندا بە ڕوونی دەردەکەوێت و وا دەکات، کە “مرۆڤ هەرگیز نەزانێت، کێ چی دەکات و ئەو کارە بۆ کێ دەکات.” ئەوەی لەم نمایشەدا جێگای سەرنجە، کارەکتەری پیاوەکانی “براگەورەن“، کە بەوپەڕی هێمنییەوە، بێ ئەوەی دەنگ هەڵبڕن، یان جووڵەی جەستەیان بەهێز و پڕ لە گرژی بێت، وەک هەر کردارێکی زۆر ئاسایی ژیانی ڕۆژانە، لەو بارودۆخە سەرکوتکارییەدا ڕەفتار دەکەن و “وینستۆن سمیس” تێک دەشکێنن.
لەم نمایشەدا، هەموو شتێک بەئاسانی جێگۆرکێ دەکات، کێ کار بۆ کێ دەکات، میدیاکان چەندە کەرەسەیەکن بۆ گەیاندنی زانیارییەکان، هێندەیش ئامرازێکن بۆ ڕق و ترساندن و تۆڵەکردنەوە. هەموو ئەو شتانەی ڕوودەدەنيش، هەر لە بەکارهێنانی پۆلیسی هزر و لە کارخستنی “زمان” و داهێنانی چەمکی “دووباوەڕی“یەوە، تا دەگاتە دەستەمۆکردنی کۆمەڵگەیەک لەژێر ڕژێمێکی تۆتالیتاری دیستۆپیئامێزدا، نموونەیەکە بۆ ئەو ڕژێمەی ئەمڕۆ “براگەورە“کان لە بەشێکی گەورەی جیهاندا پەیڕەوی دەکرێت.