شــوان تۆفیق
شاعیر،
…………..
گەر دووبارە شتێک ڕوو بدات
دەبم بە باڵندەی هەزار و یەک ڕەنگ،
تا سەد ساڵی تر بەدیار جوانیتەوە
دەنیشمەوە و باوەشی تۆ دەکەم
بە دارستان.
×××
دەبم بە با.. هەزار و یەک کۆڵان دەبڕم،
بەناو هەوردا تێدەپەڕم..
دێم و بە ئاوازێکی نەرم
قژت لەو دیووی پەنجەرەکانەوە
لە خەوی شیرین هەڵدەستێنم.
×××
ئێواران بە تەنیشتی خەندەیەکی بچکۆلەی تۆوە دادەنیشم،
خەونەکانی تەمەنی مناڵیت بۆ لێک دەدەمەوە و
باسی ڕووناکی شەوت بۆ دەکەم.
×××
بەسەر دیواری شەوەکانتەوە
هەناسەی خۆم دادەگیرسێنم،
تا خۆر لەدەرگەی ماڵی دراوسێکانی دەدات،
لەناو چاوی خۆمدا دەشارمەوە.
×××
ئەگەر دووبارە شتێک ڕوو بدات..
دەبم بە باخچە، هەموو بەیانییەک
گوڵی سووری نوێت بۆ دەگرم،
دەبم بە ڕووبار، بۆ لای تۆ سەرم هەڵدەگرم..
×××
ئێواران لەپێشوازییتا داوەتی
باوەشێک پەپوولە دەکەم
هەرچی پاساری دونیا هەیە بە ماڵی
ئێوەی فێر دەکەم.
×××
گەر قەندیل بای، بەتەنیا دەبووم
بە شەڕڤان و
هێندەی لەشکرێکی گەورە،
لە پێناوی جوانییتا شەڕی مان و نەمانم
دەکرد.
×××
سەرەتای زستان خۆشەویستی تۆم دەکرد
بە کۆڵەپشت و
چاوی تۆم دەکرد بە ڕووناکی و
ڕێگەی
ئەشکەوتە دوورەکانم پێ دەدۆزییەوە..
×××
ئێواران بەدیار نیگایەکی گەرمی تۆوە
دادەنیشتم بەگژی سەخترین ڕۆژی زستاندا دەچوومەوە..
×××
شەوان دەبووم بە دیوار و
نەم دەهێشت دەنگی گورگ و دڕندەکان
بگەنە لای سەرینەکەت..
×××
ئەگەر دووبارە شتێک ڕووبدات،
بەسەر دیوارە کانەوە بۆت دەبم
بە ئاوێنە
هەتا سەد ساڵی تر
بەو پەڕی موحییبەتەوە، نازی جوانییت
هەڵدەگرم.
×××
پایزێک گۆرانیم بۆ پێستت دەوت
دەبووم بە درەختێکی غەمگین،
ڕێگەی ماڵی ئێوەم پڕ دەکرد لە گەڵای وەریوو..
×××
گەر دووبارە شتێک ڕووبدات
سەر سینگی دیوارەکانی ئەم شارەت
بۆ هەڵدەکۆڵم
بە نینۆکم نامەی زۆرت بۆ دەنووسم،
گلەیی زۆرت بۆ بەجێ دێڵم.
×××
ئەگەر دووبارە شتێک ڕووبدات
بۆ ئەوەی ئاوازی ژیان تێک نەچێت
ماچەکانم لەگەڵ ترپەی ناسکی دڵتا
ڕێک دەخەم..
***
دەستەکانت هی من بان
وەک چۆلەکەیەکی بریندار لە دیووی
پەنجەکانتەوە، تا ئاوابوونی مانگ
دەمامەوە..
×××
گەر دووبارە شتێک ڕوو بدات
لە دوورترین کۆڵانی شار چاوەڕێم بکە!
ئەم عیشقە نابەمەوە بۆ لای خودا
دێمە بەردەمت و پێتدەڵێم:
هەتا ئەو دیووی بێ تاقەتی خۆشم دەوێی.