فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەوەیە نەیناسمەوە!

 

ئاوارە عەزیز
شاعیر، کەرکووک
………………
لەوەیە نەیناسمەوە
بەگەڵایەکی تەنکی مێو خۆی بشارێتەوە و
تەنها لەیەک وەرزی ساڵ خۆی بگۆرێ و
لە مندا خۆی بدۆزێتەوە
دەستی لە نزا بۆ  یەزدانە مەزنەکە
نەهاتبێتە خوارەوە و دوعایەکی پیاوە کوێرە
جوکێکەش لە ملی نەکاتەوە و
تەنها بۆ ئەوەی خۆی لە مندا  ببینێتەوە
لەو شەوەی من لە دایکبووم نزاکانی دەڵێتەوە
بۆ بەرز بوونەوەی وشەکانی تەڕی فرمێسکی
سەر کوڵم و چاوەکانی لێدەکاتەوە
وەک بڵێی یەزدانە مەزنەکە لەبەردەم خۆی ببینێتەوە سێبەری بێ نوێژەکانی پاک دەکاتەوە
سپنان لە هیلاکی نزایی خەبەری نابێتەوە•
لەوەیە نەمناسییەوە!
بەم تەمەنە سپییەوە کەلەبەرەکانی مەرگ دەشارمەوە
پیاسەیەک لە شەقامەکان جێدەهێڵمەوە
تا خۆی لە مندا بدۆزێتەوە و
یەک نزایەکی بۆ یەزدانە مەزنەکە بڕوات جارێکی تر نەگەڕێتەوە
هەرگیز سێبەریش لە حەوشەکەدا
 بەسەر تەنافەکەوە جارێکی تر تەڕی خۆی وشک نەکاتەوە
ئەڵوەن وەک نیل پێچەوانە دەبێتەوە نزاکان
 لە حەوشەکەدا خۆیان دەڕوێننەوە•
لەوەیە نەیناسمەوە!
لەوەیە نەمناسێتەوە
تەمەنم لە ئەودا جێماو ناگەڕێتەوە
بە مەقامێکی خورشیدی دەنگم بەرزدەکەمەوە
ئەرێ فەڵک لەوەیە نەیناسمەوە
بازاری جووت قاوە کاڵای منی تێدا نەماوە
خان خورماش بەقاڵە پیرەکەی دەروونمی
لێ جێماوە
فلمی نزای ئەوی لە سینما سەلاحەددین لێنەدراوە
نزاکانی لەلای یەزدانە مەزنەکە خۆیان حەشارداوە
هاکە  لەگەڵ نزایەک هەڵ هەڵە لە حەوشەکە خۆی جێدەکاتەوە
لە هەڵ هەڵەدا دەور و دراوسێ لە حەوشەکەدا کۆبکاتەوە
دوو پیرەژن دەستیان لەکەمەریان چەقاندوە لە ژێر تەنافەکە بە ورتە ورت دەڵێن
خۆ نەمان ناسییەوە
مێروی قەڵەشی دیواری حەوشەکە
بە هەڵ هەڵەکە سەر دەردەهێنن و
دەڵێن خۆ نەمانناسییەوە
چولەکەی حەوشەکە بە ئاوازی هەڵ هەڵەکە و
جریوە جریووە خۆ نایناسینەوە
شەوبۆ و ریحانە و ترێی حەوشەکەش سێبەرەکەیان نەناسییەوە
هەوەسیش پڕ بوو لە حەوشەکە و شادی لەگەڵ هەڵ هەڵەکە تێکەڵ بووەوە
پەرسێلکەی حەوشەکەش لە دەنگی هەڵ هەڵەکە جارێکی تر گەڕانەوە
بیبسوی سەر تاقەکەش لە هێلانەکەی خۆیەوە سەری درێژ کرد بۆ لای بێچۆکانی و ووتی
نایناسمەوە•
لەوەیە نەی ناسمەوە
لەوەش نیە بمناسێتەوە!
پەلکە زێرینەکانی ساڵە یاخیەکەی گەڕانەوە
درۆکانی نیسان کونە مشکیان لێ بووە قەیسەر و
هەرچی کوونیلەی حەوشەکە هەیە پڕیان کردەوە
گیریفانی دڵی نووقڵە خۆشی لێدەڕشا و
لە پێکەنینەکەی ووردە مرواری دەباری
لە دەست و پەنجەکانی مانگێک خۆی حەشاردابوو
لە نزاکەی لای یەزدانە مەزنەکەوە هاتبووە
هەرچی گیرفانی چاویشی هەیە وردە هەستێرە سەری دەرهێنابوو
بزماری تەنافەکەش ژەنگەکەی لە خۆی کردوە بە خۆی ووت منیش نایناسمەوە•