میرزا
شاعیر، سوید
……………
شەرم لەتەنیاییم دەكەم
بەتەریقیەوە ئەڕۆمە بەر ئاوێنەكە
كەدراوسێكانم دەبینم ڕوو دەكەم بەولاوە
بەشوێن دوورترین قاوەخانەدا دەگەڕێم
حەزناكەم كەس بمناسێتەوە
كە دەگەمە ئاست ماڵەكەی ئەوان
چاوێكم دەكەم بە هەزار چاو لەبەرخۆمە دەڵێم
خودایە هیچ كۆترێك نەمبینێ
شەرم لەبوونی خۆم دەكەم
بەشێوەیەك حەزم لەمردنە خودی مردن
سەیرە بەلایەوە كە دەمبینێت ڕووی وەردەگێڕێت
وەك ئەوەی بزانێت ژیان بەلای ماڵەكەی مندا نەڕۆشتبێت ئەستێرەیەك نەكەوتە حەوشەكەی
ئێمەوە .. قەتریەك باران لەسەر شووشەی
پەنجەرەكەم چاوێكی لێدانەگرتم
سواڵكەرێكی دەنگخۆش لەدەرگاكەی نەدام
فاڵچیەك بەدرۆوە پێی نەوتم
ئەستێرەی بەختی تۆ حەوت هەزار ساڵ
لێرەوە دوورە
خۆشم لەخۆم تێناگەم نازانم كام ڕێگایە
ئەمباتەوە بەردەگای ماڵی مردن
حەزناكەم هاوڕێكانم ببینم
ئەوەندە باسی تەنیایی خۆمم بۆكردوون
بەلالوتەوە گوێم لێدەگرم
بەشەرمەوە قژم دادەهێنم
دەسكی شانەكەم بۆناگیرێت..خەیاڵم بۆهەزار شوێن دەڕوات ڕۆژەكانی مناڵیم بەوناوەدا
جرتوفرتیانە و هەموو نەهامەتیەكانی ئەوسام
بەبیردەهێننەوە
دڵم بەهێواشی لێدەدات..وەك ئەوەی ماخۆلانم بێت لەشوێنێك وەقرەناگرم بۆنێكی زۆر ناخۆشم لێدێت
وابزانم بۆنی مردنە
…………..
٢٦/١٢/٢٠٢٤