دەوەن مەعرووف
شاعیر، سلێمانی
…………….
کیژۆڵەیەک…
بەدەم پرسیارەکانی بوونەوە دەیووت:
– ماوەیەکە ئاگام لە مردنە،
خنەخن ھەنگاوم بۆ دەنێت،
وەک پشیلەیەکی ماڵی…
شەوانە دێتە نێو پێخەفەکەمەوە و
بە گاڵتەوە یارییم لەگەڵ ئەکا.
چۆن مردن لە باوەشما نا نووێت؟
بەم جوانییەوە ڕۆژانە…
سێ حەبی جیاواز دەخۆم!
کەچی ھێشتا مردن،
زێدەتر نزیک دەبێتەوە لێم و
خەریکە زمانم لە گۆ ئەخا.
ھاوڕێکانم ئیرەییم پێ ئەبەن،
وا دەزانن دڵخۆشم بەم بوونە!
پزیشکەکانیش ھێندە غەدارن،
لە مردن بێ بەزیی تر،
خەریکن جەستەم بەرەو مردن ئەبەن.
تەنیا شتێک کە مردن دوور ئەخاتەوە لێم،
ئەو پارچە موزیکانەیە…
کە وەک ژنێکی میھرەبان،
دەستەکانی بەنێو پرچما دێنێت!