فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شڕۆڤەی ڕۆمانی چاوشینەکەی دەرسیم!

 

عومەر محەممەدی (شكۆدار)

نووسەر، کوردستان،ڕۆژهەڵات

………………………..

پێکاتەی ڕۆمان بەگشتی:

کۆمەڵێک ڕیوایەت لەسەر کەسایەتییەکانی ڕۆمانە. کەسایەتییەکان بە دوو گروپ دابەش دەبن، گروپێکیان منداڵانی پاشماوەی کارەساتی دەرسیم، گروپەکەی تر ئاتاتورک بە ناوێکی خوازەیی (گورپەی چاوشین) و چەند کەسی تر لە پلەدارەکانی سەربازی تورکە.

شوێنەکان: شوێنی سەرەکی ڕووداو، دەرسیم، ئەو شارە کوردییەی بە بیانووی گۆڕینی دیمۆگرافی و دەرکردنی کوردەکان و نیشتەجێکردنی تورکەکان کارەساتی قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژی لێ دەکرێ. شوێنەکانی تر، خوێندنگەی باتلی ئوکول، قاوەخانە پاندەلی، ئاسایشگەی خۆێندکارانی کورد.

دەسپێکی ڕۆمان:

گێڕانەوە به ڕیوایەتی قارەمانی سەرەکی، ژێلە دەرسیمی، هەمان کچە چاوشینەکەی دەرسیم دانیشتووی گوندی وەلی باخ دەست پێ دەکا.

  • هێزەکانی دژەوەستی ناو ڕۆمان:

تورکەکانی سەر بە کۆماری، چەپەکانی کۆماری تورک، چەپەکانی کورد

  • کەسەکانی سەرەکی دەورگێڕ:

جەمال سوڕیا، ژێلە ئەرمەنی (فەجیر مونزور)حەمدۆی کەڕ، ڕێڤانی بێچاو، ئاڵپ دۆغان و خێزانی ئاڵت دۆغان (خاتوون ئاڵتیجی).

  • کەسانی تری دەورگێڕ، سەبیحە خەلەبانچی پاشا ئەو کەسایەتیانەی لە دێهاتەکان دەبنە قوربانی.

زمان:

زمان بە شێوەی ڕیوایەتگەلێکی جیاواز لەسەر شێوەی کارەسات، خۆشی بە واتای کوردییەکەی دەبێتەوە کارەسات، چونکە ماکەی هەوییەتە، زمان لە ناو کارەساتەدا وشەگەلێک دروست دەکا، کە وشەکان واتای ئازاریان لێ دەکەوێتەوە، وشەکان یادەوەرن، زمان سەرەڕای ئەدەبیی بوون لە هێندێک ڕیوایەتدا ناتوانێ ئازار بگێڕێتەوە، ئازارەکان گەورەتر لە زمانن.

  • دەوری نمادەكان لە ڕێوات و پێكهێنانی تيمی ڕۆمان

کارەسات و کۆمەڵکوژییەکان، وەکوو دەروونمایەی بە شێوەی ڕەنگ و نمادەكانکارەساتەکان بە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لە خۆ دەگرێ، ڕەنگی، شین و هێندێك لە ڕەنگەكانی تریش وەكوو هێمایەک بۆ کەسایەتییەکان، چاوی شین بەپڕانیڕێوایەتەكانی ئەو ڕۆمانەدا دەگەڵ كۆمەڵێك نمادی تر لە خۆ دەگرێ، لەو شڕۆڤەیەدادەمانهەوێ ئەو ڕەنگ و نمادانەی لە ڕێوایەتەكاندا دەوریان هەیە شڕۆڤەیان بۆ بکەین.

  • یەکەم، چاو و ڕەنگی شین

هێمای چاو لە ڕۆمانەدا بە گشتی مانایی دیتن و حەقیقەت و تاوان دەبەخشێ، بۆ نموونە لە ڕۆمانی کچی چاوزێرین1 بەرهەمی دووباڵزاک نووسەری فەڕانسەوی ڕوانینێکی دەسەتەڵاتدارانە و سیستەمە لە ژن کە لەو دا ڕەخنە لە سیستەم دەگیرێ، ژن دەبێتە قوربانی دەستەڵاتی بێ ئەخلاقی و سیستەمی پیاوسالاری و بە ڕوانینە کۆمەڵگایەکی دوو فاقە و درۆزنانە وێنا دەکرێ، یان لە ڕۆمانی ١٩٨٤ ی جۆرج ئۆرویل دا ، چاو نمادی چاوەدێرییە، کە بەردەوام خەڵک لە بن چاوەدێری حوکوومەتدان، یان چاوی پشیلەی ڕەش لە بەرهەمی ئالێن پوودا، نمادی شێتی و لە دەست دانی مرۆڤایەتیی و ئەنجامی تاوان و سزایە، بەو پێیە ئەگەر پێكگرتنێكی چەمکی لە چاوشینەکەی دەرسیم بە نیسبەت هێندێك بابەتی چەمكی ئەو ڕۆمانانە بکەین بۆمان دەردەکەوێ، چاوەشینەکانی گوربەی چاوشین واتا، ئاتورک، هەمان وەک ئەو چاوانەی پشیلەی ئالێن پوو سەیر بکرێ کە چۆن بێرەحمانە دەردێن و نامرۆڤانە سزا دەدرێن ئەوەيش هێمای شێتایەتی و نامرۆڤایەتییە لە ڕۆمانی چاو شینەکەی دەرسیم چاودەرهێنان و کوشتن لە لایان دەستەڵاتەوە جنوونێکی چێژبەخشە لە زۆربەی ڕیوایەتەکانی ڕۆماندا شوێن پەنجەی کارەسات و باری نەرینی پێوەدیارە و ناراستەو خۆ تێمی ڕۆمانی لە خۆ گرتووە، یان دەکرێ وەکوو چاوەکانی ڕۆمانی ١٩٨٤ ی ئۆرویل ناڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی تر حوکمی کارتێکەری و ناڕاستەوخۆی لە کرداری کەسایەتییەکانی نەرێنی ڕۆماندا هەبێ، کە گرینگترینیان گۆڕینی حەقیقەتەکان و شۆردنەوەی مێشکەکانە ئەو چەمكەيش بەڕاشکاوی لە ڕەفتارەکانی ئاڵپ دۆغان ئەو پلەدارەی کە دەستی دەهەموو کردەوەکانی جینایەتکارانەدا هەیە و ژێلە ڕیوایەتیان دەکات.

چاو، گرینگترین موتیفی ڕۆمانی چاوشینەکەی دەرسیمـە هەم لە ئاستی ناوەرۆک و هەم لە ئاستی چەمکیدا. چاو لەو ڕۆمانەدا حەقیقەتێکی مێژووییە، ڕەنگی شین ئاوەڵناوێکە هێمای چاوی تایبەتی تر کردووە، ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵێک ناوی وەک، چاوشینەکەی دەرسیم، گوربە چاوشینەکە، چاوشینە چاو شۆڕەکە و کۆمەڵێک ناوی تاریف کراوی تر کە لە کۆمەڵێک کارەساتەدا وێنا کراون.

وەک پێشتر گوتمان بۆ شوێن بزرکردنی حەقیقەتێک دەبێ ماکەی بینینی حەقیقەت کە هەمان چاوە ڕووناکی و بینینی لێ بستێنرێ ئەوەيش خۆی پەیوەست بە حەقیقەتێکی واڵاترە و هەمان هەویەتە دەبێ لە ڕوانیینی چاوی دەستەڵات چاوی هەویەت کوێر بێتەوە ئەوەيش بە دووشێوە دەکرێ:

  • یەکەم گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەی کوردنشین و کوێرکردنی چاوی جوگرافیای دەرسیم.

دووهەمین هەنگاو بۆ ئەو مەبەستە ژێنوساید و کوشتن و بەتایبەت کوێرکردنی چاوی کەسەکانی دەرسیمە کە لە نمادێ قارەمانێکی وەکوو ڕێڤان بەرجەستە دەبێتەوە چاوەکانی بە خەنجەری باوکی لە لایان دۆغانییەکانەوە دێتەدەر.

  • چاوی شین و خوێندنەوەی ڕوانگەكان:

هەموو چاوێکی شین لە ڕوانگەی دەستەڵاتەوە خوێندنەوەی نەرێنی بۆ ناکرێ، چاوەکانی گوربەشین، شینن، چاوەکانی ژێلە دەرسیمیش شینن هەر چەند شینەکان لێک جیاوازن و هەموو شینێک شین نییە، بەڵام لەبەرئەوەی لە چاوەکانی گوربەی چاوشین دەچوون کوێر ناکران، بەڵکوو دەپارێزرێن، بەڵام لە ئاستێکی نزمدا، ژێلە بەو چاوە شینانەوە بۆ خزمتکردن بە ماڵە ئاڵپ دۆغان بە کویلە دەگیرێ، یان چاوەشینەکانی چاوشۆڕ لەبری خزمەتکردن بە کوشتن و کوێرکردنی دەرسیمییەکان ڕوانینێکی تری هەیە لە دەستەڵاتەوە.

نمادی شین بەڕواڵەت پێشاندانی کەشێکی ئارامە، هەڵبژاردنی ئەو تێمە کارێکی زیرەکانەیە، چونکە کارەساتەکانی دواتر هەر لەسەر ئەو تێمە ئارامە دەخوڵقێ. ڕاشڵەقانی ئەو ئارامییە دەبێتە دابەشبوونی تەواوەتی ئەو ڕەنگە لە ڕێوایەتە جیاوازەکاندا بە تایبەت لە شینایی چاوەڕا دەپڕژێتە سەر جلوبەرگ و شتی تریش ئەودەم ئیتر ئەوکەش هێمنانەیە تێکەڵ بە ئازاز و ناخۆشی دەبێت:

“…کتوپڕ شەڕی دوو خێڵ دروست بوو لەو هەموو خەڵکە فیشەکێک بەر سەری برا چاو شینەکەم کەوت، خۆم بینیم بەڵێ بینیم چوومەسەری کراسێکی شینی کاڵی لەبەردا بوو، چاوە شینەکانی کرابوونەوە، سەیریان دەکرد فیشەکێک بەر سینگی کەوتبوو، خوێن هاتبوویە دەرەوە، نیوەی ڕەنگی کراسە شینەکەی وەنەوشەیی کردبوو دەستە بچکۆلەکانی کرابوونەوە هێشتا چەوربوون بە ڕۆنی گوزلەمەکان…” (چاوشینەكەی دەرسیم نەبەزگۆران لاپەرە ١٣٧)

بەکاهێنانی ڕەنگەکان بە هەردوو حاڵەتی شین و وەنەشەیی سەرەڕای ئارامی تێمی ڕیوایەتەکە ئەوکاتە تێکەڵ بە خوێن و سوورایی دەبێت و دەبێتە وەنەوشەیی ئیتر کەشەکە لێک دەدرێ و زیاتر هەست دەورووژێنێ.

هەندێجار نمادی ڕەنگی شین سەرەڕای پاراستنی هومێد، کاتێ لە دەقێکدا ڕیوایەتی بۆ دەکرێ و تێکەڵ بە هێمایەکی تر وەکوو ڕەنگی ڕەش دەبێت کەشێکی ڕەمزاویی و ئاڵۆز دێنێتە ئارا کە هەست بە غەریبی بوون، نامۆیی بوون، و تەنانەت شوێنێکی نا ئارام و ناسەقامگیر بۆ کەس یان کەسایەتییەکان دروست دەکا:

“…بەیەکتریمان دەگوت ڕووخسارمان چی بەسەر هاتووە، ….جلەکان بۆ ئێمەی کچان، کراسێکی شینی کاڵ، کڵاوێکی شین، تەنورەیەکی ڕەش، گۆرەوی شین و پێڵاوی ڕەش جلی شەوانەی بێجامەی خەت خەت بۆ خەوتن…”(هەمان سەرچاوە ل ٦٧)

بێجامەنی خەتخەتی جگە لەوەی هێمای لێ سەندنەوەی کەسایەتی و بێ هەویەتی کردن و دەستبەسەرییە، شەڕێکیشە لەنێوان ئازادی و بێ عەداڵەتی و تاریکی دەگەڵ ڕووناکی بۆ ئەوەیکەسایەتییەکانی تێدا پەروەردە بێت.

جگە لەوە ڕەنگی شین بە جۆرێكی تریش وێنا دەكرێ و ڕێوایەت دەكرێتەوە، یانی سەلمێنراوە، كە شێوەی ڕوانین و بەشێکی گرینگی زانیاری و ئاگایی لە ڕێگەی چاوەوە دەچێتە بەشی فەرمانگەی مێشکەوە وەک پێشتریش گوتمان ڕەنگەکان بە پێی خاسییەتەوە لەو ڕێگەیەوە پێناسە دەکرێن و هەر لەڕێگەی مێشک و زمانەوەيش دێنە ناو قەڵەمی نووسەرە و جارێکیتر لە سۆبژەوە دەبنە ئۆبژە و لە ڕێگای کۆمەڵێک هێماوە بۆ ئاستی ڕیوایەتکردنەوەی نڤیساری داڕشتنەوەیان بۆ دەکرێ، بەرچاوترینی ئەو ڕەنگانە شین و سوور و ڕەشن کە شینیان وێڕای چاو بە پڕانی لە ناو کارەساتەکاندا خویا دەبیت. شین بە پێی خاسییەتی خۆی هێمای هێمنی و ئارامییە، ئارامییش کە دەتوانێ باری گرانی شڵەژانی دەروونی سووکتر بکات با لەو ڕیوایەتەیحەمدۆی کەڕ کە بەسەرهاتی پەنجە پەڕیوەکەی دەگێڕێتەوە كە چۆن ئەوکات دەگەڵ سەر و قژی خوشکە چاوشینەکەیەوە گوللە دەیبا بە دیتنی چاوەشینەکەی ژێلە ئەرمەنی ئارام دەگرێ و دەڵێ:

“….ئەوەی تۆی هێاوەتە بەینی ئێمە، چاوەکانتە، ئەو چاوەشینانەت، بۆ هەر یەکەمان چاوەکانت چیرۆکێکی تایبەتی ژیانمانە، ئەو بێ چاوەيش بەو بێ چاوییەی خۆیەوە هەست بە چاوەکانت دەکات. ئەو چاوانەی تۆ پێکەوە دەمانبەستنەوە و بینینیان ئاراممان دەکاتەوە.” (ل ٢٠١ ی هەمانسەرچاوە)

دەسپێکی مەرگ ئەویش مەرگێکی خێرا وەک کوشتن کاریگەری بەسەر ڕوانینەوە هەیە، یان شێوەی ڕوانین دەگۆڕێ کە مەرگێکی لە شێوەی کوشتن دەست پێ دەکا، کۆنتڕۆڵی فەرمانگەی مێشک بەسەر ماسوولەکانەوە نامێنێ ئەو ماسوولانەی چاوەکان دادەپۆشن لە کار دەکەون لێرەدا چاوەکان بە کراوەیی دەمێنن، کارەساتێک لەو شێوەیە وادەکا حەمدۆ جارێکیتر ئەو چاۆشینانەی خوشکی و شێوەی ڕوانییان ڕیوایەت بکاتەوە:

“…خوشکم فیشەکێک بەر تەوێڵی کەوتبوو، فیشەکێک کە پەنجەی منی قرتاند بوو دابووی لە سەری و خوێن بەینی برۆکانیدا هاتوویە خوارەوە، چاوە شینەکانی ئاخ بۆ چاوەشینەکانی کرابوونەوە سەیری دەم و چاوی دایکمیان دەکرد…”(هەمان سەرچاوە،ل ٢٠٣)

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە و پێشتریش ئاماژەم پێ کرد ڕەنگی، شین، بە پێی دۆخ و کارەساتەکان دەکەوێتە پاڕادۆکسێکی واتایی لە شوێنێک شینی چاوەشینەکانی گورپە چاوشین حوکمڕانە و بۆ تورکەکانە ئەرزشە لە شوێنێکی تر نەفرەتە وەک چاوەشینەکانی ڕێڤان کە لە لایان تورکەکانەوە لەکاسەسەرەوە دەردێن، یان چاوی شین لەوانەیە بە شێوەیەکی ئاوارتە ڕزگاری دەری گیانی کەسێکی وەک ژێلەئەرمەنی بێت، چونکە لە چاوەکانی گورپە شین دەچن سەرەڕای نەفرەت لە کوردبوون واتا بەخشن بۆ مانەوە و ڕزگاربوون :

دەمهەویست واز لە باسەکە بهێنێت ئەم چاوە شینانەی من هەم نەفرەتن، هەم ڕێگایەکن دەمبەن بۆ سەر ئازارەکان، هەم ڕزگار کەریشم بوون…” (هەمان سەرچاوە ل ٢٠٤)

ئەو پاڕادۆکسە لە واتایی شینی لە دوو ئاستی جیاوازدا واتابەخشە واتایەک سیمبوولی تاریکی و ڕۆژڕەشی (زۆرداری توركەكان) بۆ بەرامبەرەکەی خۆی (کوردەکان) و لە لایەکی تریش سیمبوولێکە بۆ شوجاعەتی سەرکوتکردن و لە ناوبردن لە ڕوانگەی تورکەکانەوە. ئەوەیە ئەگەر لە زاتی شتێکەوە بەڕوانگەی جیاواز بڕوانین تێدەگەین، کە هەموو شینێک شین نییە، با سەرنج بدەینە ئەو ڕیوایتەی ژێلە:

“…دەی بۆ خۆت هەر بەو چاوە شینە پیسانەوە تەماشا بکە، تەماشای چاوە شینەکانی منیش بکە، دوو چاوی شین یەکێک بۆگەنی بۆ سەردەمی خۆی و ئەوەی تر وێرانکراو، ژیان لێسەندراو، بەڵام پاک …(هەمان سەرچاوە ل ٢٠٨)

ڕاوی ئەو پاڕادۆكسە چەمكییه لە نیشانەی تەم و تارماییدا كە دەكرێ ئەویش هێمای بەرامبەرڕووناكی و چاو بێت بە ڕێوایەتێكی سورئال ئاراستەی نمادی چاوەكوێرەكان و شینی چاو دەكا ئیتر لێرەوە هێزێكی گشتی نمادین لە ڕووبەڕووبوونەوە و دەربڕینێكی ئەدیبانەدا لە ناوپاژێكی سیمبولیكدا دەتوێتەوە و ون دەبێت:

“…تارمایەك دەدات بەسەر شارێكدا، تارمایەك كەس ناتوانێت بەر پێ بگرێت. هەر شەوەی بەسەر ماڵێكدا دەدات، تەنها بەوە تێر نابێت چاوی منداڵەكان دەربهێنێت، بیانخواتشارەكە كوێر ببوو، لە ماڵێكدا ناو نیشانی ژنێكی تەنیای دەدەنێماڵەكەی لە تەنیشت گۆڕستانێك دەبێت دەبینێ (تارمایەكە)ژنە خەرێكی كولانیی ئاوەكەوچك وەردەداته ناو مەنجەڵەكەوە هەتا هەڵمەكە زیاتر بێتژنە سەری بەرز دەكاتەوە بە چاوێكی شینی گەورە لە ناو تەمی هەڵمەكەدا، تارمایەكە بە بریسكەی چاوەكانی ڕادەچڵەكێت، ژنە یەك كەوچك ئاوی گەرم دەكا بە ڕووخساریدا، تارمایەكە بەر چاوی تاریك دەبێتئەو تارمایەی چاوەكانی دەردەهێنا خۆی بینایی لە دەست دەدا..ئیتر وردە وردە منداڵی بە چاو لە دایك دەبن شارەكە بینایی بۆ دەگەڕێتەوە…” (هەمان سەرچاوە ٢٠٩ ٢١٠)

بۆ كۆتایی ئەو بڕگەیه لە ڕێوایەتی (حەمدۆ) لەو بەشه لەڕۆماندا پێویست ئەو ئاماژەیه بكەم:

هەرچەند نامهەوێ لە گەورەیی ئەو ڕۆمانە کەم کەمەوە، چونکە ڕیوایەتی هەرکام لەو چوار قارەمانە سەرەکییە (حەمدۆ، ڕێڤان، جەمەل، ژێلە) خۆی داستانێکی کۆنکرێتە لە وێناکردنی ڕووداوەکان، بەڵام حەزدەکەم تەنیا بەو بەشە لە ڕیوایەتی حەمدۆی کەڕ و بێ پەنجە شوێن پەنجەی بەهێزی قەڵەمی نووسەر لە ڕیوایەتی ژێلە ئەرمەنی ئاماژە پێ بکەم، کە کۆتایی ئەو بڕگە لە ڕیوایەت ئاوا دەنووسێ:

“…لەوانەیە چارەنووسی شارێک بە کەسێکی چاوکراوە بگۆڕێت.” (هەمان سەرچاوە ل ٢١٠)

منیش ڕاموایە ئەو ڕۆمانە ئەگەر ڕیوایەتی قەڵەمێکی چاوکراوەی قارەمانێکی پەروەردەکراوی وەک ژێلە ئەرمەنی نەبوویا لەوانەیە ئاوا جوان و بە بڕشت نەگورابایە.

  • زمان ئازارەكان چۆن ڕێوایەت دەكا؟

ئەو زمانەی كارەساتی پێ ڕێوایەت دەكرێ، زمانێكی ئاڵۆزی زەینی و گەڕانەوەی توێ ئاڵۆزەكان نییە خوێنەر سەری لێ بشێوێ زمان گێڕانەوەی هێڵەكی بیرەوەرییەكانە لە ئەمری واقیع لە زەینی ڕاویدا هۆشیارانە ڕێوایەت دەكرێن. ڕێوایەت هەر لەسەرەتاوە هەتا بەشێكی گرێنگ لە ڕێوایەتەكانی تر لە زمانحاڵی كەسی یەكەمی بگێڕەوەیه ئەو كەسه مەنۆلۆگەوە دەچێتە زەین و ناخی كەسانی تر هەر لە زمانی وانەوە جارێكیتر كارەساتەكان ڕێوایەت دەكاتەوە ئەو جۆرە گێڕانەوەیه خۆڕێكخستن و سەمیمیەت و سەداقەتێك لە نێوان كەس و كەسانی بگێڕەوە و خوێنەر دروست دەكا:

زمان زمانی ئەوقارەمانانە كە خۆیان نوێنەری توێژەجیاوازەكانی كۆمەڵن لە ڕێڤان و حەمدۆی بێسەوادڕا بگرە هەتا كەسانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر هەركامیان بە زمانی خۆیانەوە ڕێوایەت دەبەنە پێش كەسانی وەك، جەمال سورەیای ڕۆژنامەنووس، مووسا عەنتەر، ئاپۆ و یەكدەست نەبوونی كەسایەتییەكان، كرداری جیاواز و گێڕانەوەی جیاواز دروست دەكا هەر ئەوەيش دەبێتە هۆی چێژ وەرگرتن و ماندوونەبوونی خوێنەر لە خوێندنەوەی ڕۆماندا، هەڵبژاردنی كەسی ڕۆشنبیر جێ پارووی گوتار خۆش دەكا بۆ دەربڕینی بیری فەلسەقی:

با سەرنجێكی ئەو ڕێوایەت بدەین بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە، ئاخری ڕێوایەتەكە بەو بیرە فەلسەفییە تۆ لە ناخی كەسێكەوە دەباتەوە ناخوداگای جەمعی كە دەویدا ڕاستییەكانی كۆمەڵ بە زمانێكی خوازەیی خویا دەبێت:

قاوەخانەی پاندەلی چۆڵ بوو، لە مێزەكانی خوارەوە كچێك دانیشت بوو، لە كورسی تەنیشت قاوەچییەكە پیاوێك دانیشت بوو، باقی شوێنەكانی كەسیان لێ نەبوو، من و جەمال سورەیا پێكەوە سەرمان خستوویە سەر ڕۆژنامەی ئەو ڕۆژە،هەرا بوو لەسەر دەقی برینی ڕەش، نووسەرە دەوڵەتییەكان و ڕۆژنامە دەوڵەتییەكان، چەندین سیناریویان لە سەر بڵاو كردبوەوە بەدەم خوێندنەوەی هەواڵ و نووسینەكانیانەوە پێدەكەنیم، جەمال سەری بەرز كردەوە و پرسی بە چی پێ دەكەنم، بەنازێكەوە:” بەو ڕۆژنامەچیانە ئیشیان بووە بە پتەوكردنی دیوارەكە، كاتێ ڕۆژنامەنووسێك دەبینم، هەست دەكەم خشتێكە، خشتێك بۆ پتەوكردنی دیوارەكە، دەستەڵات دیوارەكەیە و ئەمانیش خشتەكە، ئیشیان تەنها ئەوەیه نەهێڵن دیوارەكە درزی تێ بكەوێت…” (هەمان سەرچاوە ل١٨٥)

ڕاوی بەراوەردێكی تەمسیلی نێگایەكە ڕەخنەگرانە لە ڕۆشنبیری خزمەت دەستەڵان دەگرێ و لە درێژەی ڕیوایەتەكەدا چەند ڕستەیەك لە جەمال سورەیا دەهێنێتەوە و كۆبەندی ئەو بەشە لەڕێوایەت بەو شێوەیه دەگێڕێتەوە:

“…سەرێكی بادا، بێدەنگ تەماشای دەكردم قومێكی لە قاوەی بەردەمی دا و ڕستەیەكی وت ڕستەیەك تەزووی بە گیانمدا هێنا، سەیركە چاوشین:” برینی كورد لە خودا دەچێت تا زیاتر بیزی لێبكەیتەوە زیاتر گەورە و مەزن دەبێت…” (هەمان سەرچاوە ل١٨٦)

دوایی ئەو ڕیوایەتە، ڕێوایەتیێكی تر بێچم دەگرێ واتا ڕاوی دەچێتەوە قاوغی مەنەلۆگ و ناخی زەینی خۆی وبەم جۆرە سیكانسی ڕێوایەتەكان و وێنەی كارەساتەكان وێنا دەكا:

“…تاوێك بێ دەنگ بووم لە خۆمم پرسی، ئەی برینی ئەرمەن لەچی دەچێت ڕووخساری دایكم هاتەوە بەرچاو…” (هەمان سەرچاوە ل١٨٧)

  • ڕیوایەتی ڕووداو بێ شوێنی گونجاو ناتوانی ڕێوایەتێكی باش بێت ڕاوی زۆر باش لە شوێنەكان كەڵك وەردەگرێ ئەوەيش دوو تایبەتمەندی گرینگی هەیه:

  • یەكەم، دەرفەت خوشكردن و بوار ڕەخساندن بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەكان.

  • دووهەم، ڕاگواستنی بیرەوەرییەكانی زەینی دەربازكردی ڕیوایەت لە گێڕاوەوەیكی كلێشەیی و یەكدەستەكی وەك ئەو ڕیوایەتەی لە قاوەخانەی پاندەلی كرا بۆ ئەوەی ڕاوی گۆشە نێگای بۆ زەینی كەسێكی وەك جەمال ڕابكێشی هەتا بیرەوەری گوندی ماڵە باپیری و كارەساتەكەی ئەو شوێنە و شوێنی تر بگێڕێتەوە، ئەوەيش تەنیا ڕاگواستنی شوێنەكانی ڕیوایەت نییە، بەڵکووگێڕانەوەی ڕاگواستنی ئازارەكانه كە لەو دا هەم ڕەنگەكان شڕۆڤە دەبن و هەمیش نمادێك دەبێتە هێمای گێڕانەوەی شتە جیاوازەكان لە خۆشی و ناخۆشيدا، با هەر لەو ڕێوایەتدا دوو نمادی برنجەسوورە ودووكەڵی جگەره لەسەر ژیان و ئازارەكاندا شی كەمەوە:

هێندێك جار سوور كاتێ تێكەڵ بە تامێك دەبێت چێژێكی تایبەت دەبەخشێ ئەگەر بە شكڵیشەوە تەفسیری بۆ بكرێ باس لە ژیان و تام دەكا وەك سێوێكی سوور یان هەنارێكی سوور، یان كاتێتەماتەیەكی سوور ڕەنگ و بۆنێ چێشتێك بگۆڕێ و بە تامی بكا، هێندێ جاریش ئەو ڕەنگە تام و ئارامشی ژیان لێك دەدا و لێكدانەوەیەكی خەیاڵی لە زەین و كارەساتێكی پێ تەعبیر دەكرێ وەك ئەو خوێن و ئازارەی ڕۆحی مرۆڤەكان ئازار دەدا دوو نموونە لەو ڕێوایەتانە دەهێنمەوە:

“…گەیشتێنە ماڵی باپیرم، ئێوارەكەی برنجێكی سوور بە دوو پیازەوە داپیرم لیێ نا بوو هێندە تامی خۆش بوو تا دەمرم چاوەڕوانی سفرە و خوانێكی تری ئاوام گەرچی دەزانم نایبینمەوە…”( هەمان سەرچاوەل١٩١)

ئەو هەستە نوستالۆژیكە، پێش زەمینێیەكە بۆ شڵەژانی دۆخەكە، هێندەی پێ ناچێ جەندەرمەكانی تورك دەگەنە ئەو گوندە و كارەساتێكی تر دەخوڵقێكی و كەشێكی تراژیدی ڕیوایەت دەكرێ.

  • تۆڵەسەندنەوە:

لەو ڕۆمانەدا سەرەڕای خوڵقانی کارەسات و تراژیدیا سێ حاڵەتی تۆڵەسەندنەوەی نەرمبەرامبەر بە توانەنەوەی ڕەگەزی هەن ئاماژەیان پێ بکەم:

یەکەم ڕووخاندن و شکۆی هەویەتی تورکی لە ڕێگەی بنەماڵەوە وەک هێنانەخواری ئەو حیسییەت و شکۆیەی خۆیان شانازیان پێ دەکرد وەک ئەو گەمە ئۆرووتێکییەی جەمال دەگەڵ سەبیحەی خەلەبان (خێزانی پاشا) واتا ئاتاتورک دەیکا.

دووهەم، ڕووخاندنی هیمەنەی ئاڵپ دۆغان و سیستەمی ڕەگەرپەرەستی شۆڤینانەی دەستەڵاتی سەرکوت لە ڕێگەی ئەو نامەیەی کە خێزانە کوردەکەی ئاڵپ دۆغان لە دوایین ساتەکانی ژیانی بەژێلە ئەرمەنی دەدا هەتا بیسلمێنێ کە ئێوە کوردتان پێ پیسە و کەچی تێکەڵاویتان هەیە و ئەو پێکەوەبوونە حاشای لێ ناکرێ.

سێهەم، حوکمی قیساس لە شێوەی ئایدیولۆژیانەی خۆیان کە گوێ بڕان و کەڕکردن و کوشتن قیساسی خۆی هەیە و کۆتایی ڕۆمان بە تۆڵەسەندنەوەی ژێلە ئەرمەنی لەو کەسەی دەستی دەو جنایەتەدا هەیە ڕیوایەت دەكرێ.

سەرنج: ئەو خاڵانەی كە پێویست بوو نووسەر زیاتر بۆ بەهێزكردنی چەمكەكانی گێڕانەوە كەڵكیان لێ وەربگرێ:

  • یەكەم، لە بەشی دیالۆگەكان پەندەكان بە شێوەی پێویست بەكارنەهاتوون، بۆ نموونە پێویست بوو لە بەشێ گاڵته و كۆمێدی بۆ بزەی خوێنەر پتر كەڵك وەرگیرێ بەتایبەت لە بەشی ڕیوایەتەكانی حەمدۆ و ڕێڤان ئەو كارە زیاتر كرابا.

  • دووهەم، لەو بەشە لە ئاخاوتنەكانی كرمانجی وا باشتر بوو شێوەزاری كرمانجی لە زمانحاڵی قارەمانەكانی كرمانجەوە هەرچەند بە شێوەی ڕێوایەتی كورتیش با وا باشتر بوو گێڕدرابایەوە هێندێك لە ڕۆمانووسەكانی كورد ئەو كارەیان كرد و ئەوەيش هەم یارمەتی خواستنێكە لە شێوەزاری كوردی و هەمیش خوێنەر هەست بە هاودڵی زیاتر لە نێوان كەسایەتی تایبەت بە زمان و زمانەكەی دەكا.

ئەنجام:

بە كورتی و بە گشتی دەتوانین بڵێن لە بری ئەوەی كە ڕۆمانووس خۆی میژوونووسه و ئەزموونێكی باشی لە ناسینی مێژووی كورددا هەیه ژانری مێژوویی زۆر باش بۆ ڕێوایەتەكان بەكارهێناوە، هەرچەند دەیتوانی لەوە زیاتر گێڕانەوە و واقعییەتەكانی كۆمەڵ لە تەكنیكەكانیڕۆمانی سەردەم نێزیك كاتەوە، ئەوەيش بە ڕاگواستنی گۆشەنێگانی قارەمانەكان و هەڵپەساردنی ڕیوایەتەكانی زەینی مەیسەر دەبوو.

گوڵانی ٢٧٢٥ ی كوردی

……………………

سەرچاوە:

  • پایه‌ی آناتومی بالینی ، نویسندگان: سوزان استندرینگ و همکاران

ویراست: چهل و دوم (2020)بخش:عضلات چشمی و فیزیولوژی مرگ

  • آسیب‌شناسی پزشکی قانونی – دی‌مایو، نویسندگان: وینسنت جی.ام. دی‌مایو و دومینیک دی‌مایو، ویراست: دوم (2001)، ناشر: انتشارات CRC Press

  • رمان 1984، جرج ارویل، مترجم ، صالح حسینی، نشر نیلوفر1392

  • داستان گربه سیاه،آلن پو، مترجم ، شهاب حبیبی، ناشر چلچله1394

  • دختر زرین چشم،مترجم،عنایت الله شکیباپور،ناشر انتشارات بامداد، سال نشر1362

  • چاوشینەكەی دەرسیم، نەبەز گۆران،2023، ناوەندی ڕەهەند.

  • ساختار و تاویل متن، بابك احمدی،تهران، نشر مركز.

1دختر زرین چشم،مترجم،عنایت الله شکیباپور،ناشر انتشارات بامداد، سال نشر1362