نەشمیل بەرزنجی
شاعیر، سلێمانی
……………..
هه‌موو شتێكم بیر چووەته‌وه
ئاودانی گوڵەکان و
تەکاندنی ڕاخەرەکان و
ژنبوونم نەبێ!
دڵم تۆز گرتوویه‌تی،
بەڵام هێشتاش سه‌ربان و بالكۆنی و پیاڵه كریستاڵییه‌كانی چا دەشۆم!
كێ ده‌ڵێت من مرۆڤ نیم؟
من ژنم.
وه‌خته ببمه فڵچه!
جار جار كه ئه‌وه‌نده خۆ له‌م ماڵه هه‌ڵده‌سووم،
به‌لای هه‌موو شتێکی ماڵه‌كه‌دا دێم، ده‌ڕۆم، ده‌خولێمه‌وه
خۆم نه‌بێ.
گوێم لێیه،
كه‌سێك هه‌یه ده‌ڵێ: دایكه … دایكه!
من كێ بووم؟
ئێستا، له‌م ژووره ڕه‌نگشینه‌دا ئه‌و ده‌بینم کە ده‌زانێ بڵی دایكه!
ده‌زانێ باز بدا،
ده‌زانێ خۆی پانتۆڵه‌كانی له‌پێ بكا.
من هیچم بیر نه‌ماوه،
ته‌نها به‌فرگره‌كه ده‌ناسم
جاره جاره وه‌ك قاڵبەچکۆلەیەک سه‌هۆڵ
له‌لای ده‌وه‌ستم و یه‌ك یه‌ك شمه‌كه‌كانی ناوی سه‌یر ده‌كه‌م:
چی كه‌مه؟ چی هه‌یه؟ چی نییە؟
ته‌نها به‌فرگره‌كه ڕێزی زۆری هه‌یه له‌لام
هه‌رچی هه‌یه له‌ودا ته‌ڕ و تازه‌یه،
بەڵام من له‌ناو خۆمدا سیس و وشك بووم
تۆ و به‌لووعه‌كه‌ش هه‌میشه ته‌ڕن!
ئه‌م هه‌موو ئاوه هیی كوێیه؟
ده‌ڕۆم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه
په‌ڕۆ له په‌نجه‌ره‌كان ده‌خه‌م
برنجه‌كه ده‌م ده‌كه‌م، قاپه‌كان ده‌شۆم
من كێ بووم، بێزەحمەت؟
ئه‌وه‌نده‌م بیره من کە ژنم
هیچ شتێ تامی وه‌ك خۆی نه‌ماوه له‌ده‌ممدا،
ناوی تۆ نه‌بێت!
ناوی تۆ؛ كۆتی منه.
من؛ كۆتی تۆم.
هیچ كه‌س بیر له من ناكاته‌وه!
له په‌نچه‌كانی خۆم ورد ده‌بمه‌وه كه چه‌ند جوان ده‌زانێ كێك دروست بكا!
كێ ده‌زانێ كێك بخوا؟
له‌بیرمه ژنم،
ئه‌وه‌م قەت بیر ناچێته‌وه.
كێك ناخۆم، ناچمه سینه‌ما
به‌س هه‌موو كات خۆم لە ئاوده‌ست و مێزی خوارنی ماڵه‌كه ده‌سووم
وه‌ك گسكێكی دڵڕه‌ق ناهێڵم هیچ شتێك گه‌رد بگرێ،
ئه‌وه‌ی ڕۆژانه گه‌رد ده‌گرێ؛ ڕۆحمه.
من له‌ناو بریقه‌ی كاشیی دیواره‌كانی مه‌تبه‌خدا
له بوونه‌وه‌رێكی سه‌یر ده‌چم!
ده‌رگاكان ده‌كه‌مه‌وه، دایانداخه‌م، بۆنی ماڵه‌كه ده‌گۆڕێ
بۆ یه‌ك جاریش بیر له ئازاری بینینه‌كانم ناكه‌مه‌وه
چه‌نده كورت بوونه‌ته‌وه، چه‌نده چڵكن بوون!
ته‌نها یه‌ك جاریش خۆم ناكه‌مه‌وه
هیچ له مندا نایه‌ت و بڕوا
هه‌موو له ده‌ستی مندا سه‌لامه‌تن،
من كێ بووم، بێزەحمەت؟
كێ ده‌ڵێت من مرۆڤ نیم؟
من ژنم.
لە کتێبی (ببە بە با) دا ٢٠٢٢ چاپ بووە