بەفرين شەرەفکەندی
نووسەر، مەهاباد
……………
گوشێکەی تەق بەقەدی دیوار دادا دەنگی زرمە بێدەنگی ژووری دانیشتنی شکاند!
زەمان وەکوو فیلمێک گەڕاوە بۆ پێش شکاندنی گوشێکە.
هەر دووکیان لەسەر مۆبڵە تووسێ سێ کەسێکە لە پەنا یەکتر دانیشتبوون. پیاوەکە باسکی هاویشتبوو سەر شانی خێزانی و چاوی بڕیبوو گوشێکەی دەستی.
” سەت جارم لە زەیندا داڕشتووە و هەڵموەشاندۆتەوە نازانم لە کوێڕا دەست پێ بکەم” لە حاڵێکدا بە پەنجەکانی نێوچاوانی ڕێکدەکوشی ڕوو بە مێردەکەی ئەوەی کوت.
سەمای هەڵمی چا تازە دێمەکەی پێشیان لەبەر چاویان شاراوە نەبوو.
“دەزانم لەگەڵ هەر نووسینێک وەک خاتوونێکی دووگیان هەتا چیرۆکەکەت لەدایک دەبێ هەر بەرەژانت دێتێ و ئۆقرە لەخۆت و لەئێمەيش هەڵدەگری” بەڵام وای نەکوت. چاویلکەکانی دەرهێنا و لەسەر جلۆ مۆبڵەکەی دانا. یاڕەببی تۆبە خۆ چاوەکانی کز نەبوون و هەر بە حوکمن ئەدی ئەو چاویلکەیە چ بوو بۆم دانا!؟
بێ ئەوەی کە چاویلکەیەک لە گۆڕێ دابێ تەنیا کوتی: “دڵنیام زۆر بەسانایی دەتوانی چیرۆکێکی باش بخوڵقێنی.”
هاوکات کە سەری لە گووشێکە دابوو کوتی: “دەزانم کە دەتوانم، بەڵام دەمهەوێ چیرۆکی ئەم جارەم جیاواز بێ، چیرۆکێکی باش بخوڵقێنم، چیرۆکێک کە دەمی ڕەخنە ببەستێ و ئاغای ڕەخنەگر بەدڵی بێت و ئەو هەمۆ کات دانە و ماندوو بوونەی بە فیڕۆ نەچێ.”
پرسیاری مێردەکەی زوو وەڵام داوە؛ کاتێک هەردووک شانی بۆ لای سەری هەڵێنا بە نیشانەی ئەوەی کە ئاغای ڕەخنەگر کێیە؟
“کاک جەلالی دەڵێم، کاک جەلال.”
بڕێکی لێ کشاوە و باسکی لەسەر شانی لابرد.
“ئەتۆ چیرۆک دەنووسی، کاک جەلال ماندوو دەبێ!؟” ئەو پرسیارەی بە گاڵتە جاڕییەوە لێ کرد.
قامکە ئەسپێکوژەکەی لەسەر تەختەکلیلی گوشێکەی ساز و باز بوو بۆ نووسین بەڵام ئاختوچاری کرد دانەدەبەزییە سەر پیتەکان!ئەوەی زۆر بە باشی لە زەینیدا دایڕشتبوو، هەموو وەک مرۆڤێکی تاوانبار لە دادگای تاوانەکان کە دەیانهەوێ لە چنگی عەداڵەت خۆیان دەرباز بکەن لەبەری هەڵدەهاتن!
چوار چاوی کاڵ گرێدراوی نیگای یەکتر ببوون.
“بەڵێ ئەو ماندوو دەبێ بەو چیرۆکە سۆاو و ساوایانەی کە ئێمە دەینووسین و ڕەخنە و تێبینییەکانی ڕەچاو ناگرین و لە خۆماندا پەروەردەی ناکەین هیچ؛ لوتیشی لێ هەڵدەمسێنین و بڕێکیشی قەرزدار و پیاو خراپ دەکەین،” دەستەکانی لێک بڵاو دەکاتەوە و ڕوو بە مێردەکەی درێژەی پێ دەدا “بڕێکیش نا زۆریشی زەم دەکەین!”
“خودا چاکەت بۆ نەکا کاک کەماڵ کە ئەتۆ ئەو چیرۆک نووسینەت لە ماڵە من هاویشت” ئەو ڕستەیە هەتا سەری زمانی هات بەڵام گێڕایەوە و لەبەر دڵی خێزانی نەیدرکانت.
لە پێش مێردەکەی دا بە پلیکانی ژێرزەمینەکە غلۆر بۆوە خوارێ. هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و سییەکانی پڕ کرد لە بۆنی کتێب و ئارامیشێکی خەست و خۆڵی پێشکەشی ڕوح و ڕەوانی کرد.
“جوان بوو بژی” کاک کەماڵ کە کراسێکی ڕەشی ڕێڕێی لەبەر دابوو و دوو دوگمەی سەرێی کردبۆوە و سینگە تووکنەکەی وەدیارخستبوو و لەحاڵی چەپڵە لێدان ئەوەی ڕوو بە خاتوونێکی کورتەباڵای ڕەش ئەسمەر کوت کە پەنجەی ڕاستی گرێدرا بوو لە پەنجی چەپی کچێکی سێ چوار ساڵانە.
پێش ئەوەی کە کاک کەماڵ زیاتر هارووژێ و نەکا دەست بکا بە فیتوو لێدان بۆ ئەو مێعرە لاوازە بە پێخاوسی خۆی هاویشتە نێو باسەکەیان. “ئەرێ کاک کەماڵ خۆ ئەوە مێعریش نەبوو چ بگا بە شێعر! یاڕەببی ئەو خاتوونە هەر بەلەشساغی بژی بەڵام ئەوە غەدرێکی گەورەیە لە حەققی ئەدەبیاتەکەمانەوە“ملی بۆ لای خاتوونەکە وەرسووڕاند کە چاوی بڕیبۆ نرخی ئەو کتێبانەی کە دەیهەویست بیانکڕێ. بەڕێزەوە کوتی: “دڵت نەهێشێ دادە!بەڵام ئەوڕۆکە هەرکەس هەستا و دوو وشەی بەسەریەکەوە کردەوە نێوی شێعری بەسەردا دەبڕێ” پاشان ئاخێکی لەناخی دڵەوە بەتاڵ کرد و ڕوو بە کاک کەماڵ کوتی: “کوێرایم گاتێ چا نەبوو مامۆستا هێمن و هەژاری نەمر ئەو ڕۆژانەیان نەدیت، ئااااای ئەدەبیاتی کوردیم ڕۆۆۆۆۆۆ!”
ئێستا یەک وشەشی نەنووسیبوو. هەر پرتە و بۆڵەی بوو کە بۆ دەسبەجێ پێش ئەوەی کە وشەکان لەبەری هەڵبێن داینەڕشتۆتە سەر لاپەڕە یا لەپتاب یا بەردەسترین ئامێر واتا گوشێکەی!
“خۆ شەویلکەی کاک جەلال هێندەی نەماوە لەبەرێک بچێ و ئەنگوستەکانی هێندەیان تایپ کردووە چی وای نەماوە لەڕێسمە بێنەدەر ئەوەندەی باسی تیکنیک و گێڕانەوەناسی بۆ ئێمە کردووە” ئەو سرتە و خورتەی لەگەڵ خۆی بوو بەڵام مێردەکەی کە لەپەنای دانیشتبوو بەڕووی خۆی نەهێنا کە گۆیی لێیە!
“جا باشە بابە گیان! ئەگەر ئەتۆ باشتر دەنووسی و لەم بوارەوە شارەزاتری ئەوە پەڕنووس و ئەوەيش پێنووس” کاک کەماڵ لە حاڵێکدا پێنووس و پەڕنووسی بۆ لای ڕاداشتبوو ئەوەی کوت.
“پێشینیانی ڕەحمەتی بۆیە دەڵێن ئەگەر زار لێ گەرێ سەر سڵامەتە” ئەوەی لەدڵە خۆیدا کوت و نەشیکوت “پەرژینێکی قایم بێ ئەمن ئەو گویە چ بوو خواردم!”
هەڵمی چایەکان چەند خولەکێک دەبێ لەسەما کردن کەوتووە!
“دڵنیابە هیچکات هیچ نووسراوەیەک و دەقی ئەدەبی ؛ جا چ وتار بێ یا پەخشان و شێعر و چیرۆک
هەموو هەر ناتەواون و قەت چاوەڕوانی ئەوە مەکە نووسراوەکانت کامڵ و بێ ڕەخنە بن!”
لە حاڵێکدا کە مێردەکەی قومی ئاخری چای ئەویشی دەخواردەوە ئەوەی پێ کوت.
سەری لەسەر گوشێکەی هەڵگرت و چاوی بڕییە جگەرەی نێوان قامکە زەرنەقووتە و دۆشاومژەی مێردەکەی.
یا ڕەببی تۆبە خۆ لە مێژساڵە تەرخی جگەرەی پێ کردووە ئەدی ئەو جگەرە چ بوو کە بۆم دانا!؟
بێ ئەوەی کە جگەرەیەک لە گۆڕێ دابێ خەیاڵی بەرەو کتێبخانە فڕی.
“باوەڕ بکەن هەتا ئەوڕۆ یەک ڕستەيشم دانەڕشتۆتە سەر لاپەڕە، تەنانەت ئینشاکانی قوتابخانەيش هەر کاکم بۆی دەنووسیم و لە تەواوی کتێبەکانیش ئێستايشی لەگەڵ بێ ڕقی دنیایەم لە کتێبی فارسییە، بەڵام هەتا بڵێی حەزم لە خوێندنەوەیە خوێندنەوەیەکی بەربڵاو بە تایبەت ڕۆمانەکان.” لەوەڵامی کاک کەماڵ کە قۆڵەکانی هەڵکردبوو و پەڕنووس و پێنووسەکەی هەروا بەدستەوە بوو و چاوەڕێی ئەوەی بوو لێی وەرگرێ، ئاوای کوت.
“دەی بابە گیان! ئەگەر وایە چۆن ئیزن بەخۆت دەدەی بڵێی ئەو مێعریش نییە چ بگا بەشێعر!؟“کاک کەماڵ بەو قەڵافەتە چوارشانە و جوانچاکەیەوە هاوکات کە ماڵئاوای لە خاتونە ماعیرەکە دەکرد ڕوو بە ئەو وای کوت. نەشیکوت؛“ئەتۆ ناتوانی بنووسی” کوتی: “هەموو کەس دەتوانێ شێعر بنووسێ، بەڵام کەم کەس دەتوانن چیرۆک بنووسن، ئەگەر ڕاست دەکەی ئەلان کە لە دووهەمین مانگی هاوین داین ئەتۆ هەتا کۆتایی ئەوساڵ کاتت هەیە کورتە چیرۆکێکی یەک لاپەڕەیم بۆ بنووسی.”
مێردەکەی کە پشتی لەوان بوو و لەپەنا قەفەسەی کتێبەکان ڕاوەستا بوو، هاوکات کە لاپەڕەکانی کتێبەکەی ناو دەستی هەڵدەداوە نێوک و دڵی کەوت کاتێک گوێی لەو داواکارییەی کاک کەماڵ بوو. خودا خودای بوو خێزانی داواکاری کاک کەماڵ قەبووڵ نەکات بەڵام بە پێچەوانەی داخوازەکەی، بەباوەڕ بە خۆیەک کە تێیدا دەتیدرا ئەو چاوەڕوانەی بێ بنەما دەدیت.
لەدڵەخۆیدا بەخۆی کوت چەند جارت پێ بڵێم “قسە زۆر بکڕە کەم بفرۆشە” بەڵام تازە واهاتبوو سەرڕێی و چارەی نەبوو. ڕوو بە کاک کەماڵ کوتی: “ئەگەر مەڕمان نەدیوە لە پەرێزێ، خۆ پشکەڵمان دیوە لە هەرێزێ.” دەستێکی خشاندە نێو قژە کاڵەکانی و ئاوە درێژەی بە باسەکە دا؛ “هەرچەند هەتا ئێستا هیچکات دەستم نەداوەتە قەڵەم بۆ نووسین، بەڵام بەڵێنیت پێ دەدەم هەتا کۆتایی ئەوساڵ کورتە چیرۆکێکی یەک لاپەڕەیی سەهلە من ڕۆمانێکت بۆ بنووسم.”
کاک کەماڵ کە چاوەڕوانی ئەو وەڵامەی لێ نەدەکرد، چاوی لەژێڵڵا نەهێنا و زەقی نەکرد و نەیکوت؛ “ئەوەی ئەتۆ باسی دەکەی خەیاڵپڵاوە“بەڵام کوتی: ” بابە گیان! ئەتۆ کورتە چیرۆکێکی یەک لاپەڕەیم بۆ بنووسە تەواوە” نەشیکوت؛“ڕۆمان هاشا پێشکەشی خۆت!”
مێردەکەی بە ڕمبەی شکانی گوشێکە ڕاچەنی!لەسەرەخۆ لەسەر مۆبڵە تووسێ سێ کەسێکە هەستا کە بچێ لەت و پەتی گوشێ شکاوەکە هەڵگرێتەوە.
نەیکوت “ئەوە چ بوو بۆ لەپڕڕا فێت گرت!؟“بەڵام دەیزانی تەنیا هەر بۆخۆی دەتوانێ ئارامی کاتەوە. چاوی لە خێزانی کرد. بای فێنکی کۆلێر لۆلۆی ئەگریجەکانی پەخش و پەرێشان دەکرد و هەوای ژووری دانیشتنی بۆنپژێن دەکرد بە عەترە بۆنخۆشەکەی. یاڕەببی تۆبە خۆ ئێرە کوێستانە و کۆتایی مانگی ڕێبەندان، ئەدی ئەو کۆلێرە چ بوو کە بۆم دانا!؟ بێ ئەوەیکە کۆلێرێک لە گۆڕێ دابێ بە هێوری لە پەنای دانیشتەوە“ئاخۆ بڵێی چیرۆک ئەو نرخ و بەهایەی هەبێ کە ئاوە لە خۆت بکەی؟” کاتێک دەستی درێژ کرد کە لە ئامێزی بگرێ بە ڕاوێژێکی ئارام ئەو پرسیارەی لێ کرد.
چاوی بڕییە ئیستکانە بەتاڵەکان و لە وڵامی مێردەکەی دا کوتی:
” وشەکان لەبەرم هەڵدێن، هیچم پێ نییە بۆ نووسین!”