فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فڕینی پەرەمێزەکان

ئەسکەندەر زرار
شاعیر، ھەولێر
دڵگیریی بەفر و بەرد لە لای من،
 پێوەندیی بە ساردی و دڵڕەقی تۆوە هەیە،
وەک چۆن جوانی ئەستێرەکان، پێوەندییان بە درەوشانەوەی چاوەکانت هەیە.
دۆزەخ، بەهەشت، گۆڕینی وەرزەکان و
 گەرم بوونی گۆی زەوی، پێوەندییان بە ڕیتمی قسەکردنی تۆوە هەیە.
“تۆ دەتوانی بە فوویێک، میهرەبانی بکەی بە دڵی مندا،
 بە فوویێک، وێرانی بکەی بە جیهاندا”
تۆ وەک ئەو پڵینگە عاشقیت
کە دەمی دەخاتە گەردەنی ئاسکێک
بەدەم ڕامووسانەوە، یەکەمین شوێن، دڵی دەخوات
ڕۆژە نەهاتووەکانت بیر دەخەمەوە
ـ ئەو پیرەپیاوە شەکەتە دەبینیت؟
کە وەک گەڵایەکی پایزیی لەسەر شۆستە کەوتووە و
ئاوازی برین دەچڕێ و دەڵێت:
من پەلکە گیام
من بەفرێکی خەوتووم
جاران درەختێکی قژ سەوزی، باڵا بەرزی دەشتەکی بووم
کانی و پێدەشت
هەور و هەتاو، عەشقی من بوون
ئەمێستا، بەفرێکی خەوتووم
لە بەستەڵەکی تاریکییدا
خوێنی ڕەنگینم لێ دەڕوات.
“ئەوە منم دوای کوژرانم، بە یەئسی تۆ”
ڕۆژە نەهاتووەکانت بیر دەخەمەوە
ـ ئەو ژنە گوڵفرۆشە قژ بەفرینە دەبینیت؟
کە لە لێواری دەریاکان
گازاندە و حەسرەت دەدا بە شەپۆل و دەڵێت:
چیاکان فریویان داین
دۆست نەبوون، دژمن بوون
بە دەریا دەڵێت:
پەپوولەکانمان بە باڵی ڕەنگاوڕەنگەوە نارد
کە هاتنەوە، بووبوون بە زەردەواڵە
بە گوڵجاڕەوە پێدەشتەکانمان پێ سپاردن
زەڵکاوی لێخنیان پێ بەخشین
چیاکان دۆست نەبوون
دژمن بوون
“ئەوە تۆیت، دوای ئەوەی متمانەت بە مرۆڤ نەماوە”
دەستت دەگرم و دەتبمە ڕۆژە نەهاتووەکان
ـ دەتبەمە ئەو ئێوارەیەی
وەک ڕیشۆڵە کۆچەرییەکان
پەرەمێزەکان، بە پۆڵ دەفڕین
دەفڕین و کۆچیان دەکرد
کۆچیان دەکرد و دەگریان
ئەو دەمەی پەرەمێزێک بەگریانەوە گوتی:
ئەمڕۆیش بە ناوی ئێمەوە
ژنێکی دیکەشیان سووتاند!
ـ دەتبەمە ئەو بەیانییەی
تفەنگ و خەنجەر، بە پێخاوسی
بە شەقامەکاندا ڕایان دەکرد
ئەوەی بەدوایانەوە بوو، شەهید بوو
ئەوەی بە ئاسمانەوە سەیری دەکردن
تەرم بوو
تەرمی من!
ژیان بەوڕادەیە، سادەیە، دەتوانم خۆم قەبری خۆم بم، خوێنم بکەم بە شەڕاب. یادگەم بە چەقۆیەکی تیژ، سەری برینەکانمی پێ ببڕم و بڕبڕەم بکەم خاچ و ئەوینتی پێ هەڵواسم.