فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چاوی تۆ!

شیبا
شاعیر، مەریوان

…………..

گـــرفتــــارم بــە لێـــوی تۆ، پـــەرێشــانم بـــە چـــاوی تۆ
دڵم ســەربــەست و ئازاد بــوو ئەوین بوو نایــە داوی تۆ

چ مەست وجوان شەوی تاری بە دڵ ویستی روخی یاری
خـــەیاڵێ هـــات بەرەو شـــێعرو عــەیاری دڵ لە راوی تۆ

لە گوڵزاری دەرونی گەش لە مێحرابی موژگانـــی رەش‌‌‌‌
لـــە پڕ یاڕەب چ دەنـــگێ هات بگە فریــام تـــو ناوی تۆ

دەدا ڕۆحــی هـــەناسەی بـــا بەرەو وەرزی بــەهـــاری دڵ
لە تاو عیشقی، چەواشەی هات وەکوو هەڵدێر هەناوی تۆ

کەماڵی ئەو جەماڵی ڕوخ پەشێوی ناخ قەشەنگ و شۆخ
ئــەوا ساقـــی لــە جـــەغزی ژیــن تکــاوارم بە بـــاوی تۆ

ئــەمن ڕوبـــار ئــەتۆ دەریا عەجـــیب نیگار مەلەک ئاسا
هـــەمو ساتــــــێ شەبەنگێکم لە نێو تیشکی هەتاوی تۆ

کە چەخماخە و بروسکەی دا لە هەردی سینەکەی ڕێشم
ئیتـــر مـــەعلومـــە یا نـــاڵەی شیـــبایە یـــا شـــەتاوی تۆ

28/5/2024میلادی
8/3/1403شەمسی
19/11/1445قەمەری