فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕۆژی ئاوابوون!

 

سروەی بەیان
شاعیر، ھەولێر
ئەو ڕۆژەی من دەمرم
قەلەڕەشکەی نامورادی دەقڕێنێ
هەواڵی ناوادەی مەرگم
دڵی ئازیزان دادەخورپێنێ
کوندەبۆی شوم لەسەر کەلاوەی
هێلانەی ژین دەخوێنێ
ئەستێرە لە ئاسمان دەکشێ
چیتر سروەی بەیان
پەلکی گوڵان ناهەژێنێ .
ئەو ڕۆژەی من دەمرم
دەبینم کۆزی ساوا،
بێ داڵدەو بێ نەوا
دەبینم گوڵی هیوا و
ئاواتی لە ڕێگا بەجێماو
دەبینم ڕوخساری پڕ پرسیار
وەک مازیچنی کون لە پاشۆڵ،
ڕەنج بەخەسار
لە دوای کاروانی ژینی نا هەمووار.
ئەو ڕۆژەی من دەمرم
کەمەری دار، تاتەشۆرم بۆ دێنێ
هەور، بەلێزمە فرمێسک دادەبارێنێ
چریکەو هاوار،
وەکو مەقام و لایلایە
ئارام ….. ئارام
ڕووحی ماندووم دەلاوێنێ
نۆتەی دڵی مەعشوق
ئاوازی ماتەمیم بۆ دەژەنێ.
ئەو ڕۆژەی من دەمرم
دەبمە سەردێری هەواڵەکان
بەخەتێکی ڕەش،
وەک گلێنەی ئازیزان
دەمکەنە مانشێتی ڕۆژنامەکان
هەمووان چەند ساتێک
فرمێسکی خوێنینم بۆ دەڕێژن
تۆش تاهەتایێ بەتاسەی ژوانەوە
دەبییە گەواهیدەری عەشقم.
ئەو ڕۆژەی مردن ژیانم لێ دەستێنێ
گشت ئاوات و حەزو خولیای بەدینەهاتووم
ئەوەی بێ ویست خامۆشکرا
لە زیندانی گەورەی ژیانا
لە ئاسمانی نیشتمانا
لە کۆت و بەند خۆی ڕەها دەکا
وەک بازی بەرزەفڕ،
لە دوندی ئازادیدا، باڵ لێکدەدا،
تا لەوێ بە ئاکام دەگا.