نەمام عەبدوڵڵا
شاعیر، سلێمانی
ملوانکەی خەمم کردوەتە گەردن
دڵ دەلاوێنم بە فرمێسکی چاو
ئاسمانم توش و سیاو نامۆیە
لە تریفەی مانگ لە تیشکی هەتاو
سەرم کردوەتە کۆشی تەنیاییم
پەنام بردوەتە خەڵوەتگەی خەیاڵ
دوورم گرتوە لە کۆڕی یاران
لە ژینی پوچ و لە خەونی بەتاڵ
تا هەڵدەکشێ باڵای تەمەنم
سینەم کورت دێنێ لە شنەی نەسیم
تازە درەنگە بۆ دەوای دەردم
ئیتر بە من چی دەرمانی حەکیم
ئێستا کە لە سەر باڵی قەدەرم
پشتم بەستوە بە چاوەڕوانی
ئاخۆ دەمداتە دەستی چارەنوس
یان بە ئارامگای پڕ میهرەبانی !!!!
٣-٥ـ ٢٠٢٥

