فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست!

 

هبە فەيسەڵ

نووسەر


ئەمجارەيش هاتە سەردانم و وتی گریام، زۆر گریام.

لە خۆمم پرسی، تۆ بڵێی ئێستا باوکم چی بۆ ئەم سەرکەوتنەم بڵێت؟ من هەمیشە بە ئومێدی بۆنی کراسەکەی پەنام بۆ ئامێزی دەبرد، بەڵام ئەو بە لێوێکی سپیيەوە دەیگوت، کچم کارێک نەکەیت ڕووڕەشی ئەم دونیا و ئەو دونیابم.ئێستا بۆچی ئەو ناتوانێ گەر بۆ ساتێکیش بێت، لەبەر من، بۆ من بگەرێتەوە؟ لەو چاڵە تینووەهەڵسێتەوە تا بزانم ڕەنگ و ڕووی بەم سەرکەوتنەی من چۆنە؟ بێدەنگی ئەو، من دەگەیەنێتە هەمان باوەڕی کەسانێک کە دەڵێن؛ ئێمە تەنها بە بیستنی خۆشی ئەو دونیا لەم ژیانەدا فریو نەدراوین. بەڵکوو نەهاتنەوەی مردووەکانمان باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی خۆشی وسەرفرازی و ڕوو سووریی ئەوان لەو دونیایە.

گریام زۆر گریام. وتم ئێستا بە دایکم دەڵێم کە ئەمجارەيش لەم هەنگاوەی ژیانمدا بە هۆی جوانی نزاکانی و ڕەزای ئەو سەرکەتوو بووم.پێی دەڵێم چی دی خەم بۆ من نەخوات. دەبێت تێبگات کە مرۆڤ لە هەموو بوارێکی ژیاندا وەک یەک سەرکەوتوو نابێت. پێی دەڵێم ئەوەی تۆ کردت و پێت بەخشیم، تەنها ئەوە بوو کە لەتوانا و بیر و بۆچونی تۆدا هەبوو و لەو کاتەدا دروست بوو. دەبێت پێی بڵێم، کەوتن، دوودڵی، شەرم و گریانی جارجارەی من، پوختە و کۆکراوەی منداڵیيە. بەڵام مرۆڤ لەو کاتەی وەک پاساری، جا چ بە دڵ بێت یان جەستە لە هێلانە دەفڕێت، ئەوا ئازادی، هەل و بەربژێرکردن لەپێشیدایە. ئیدی لە دەستی خۆیدایە کە چۆن دەست بۆ ژیان درێژ دەکات و چەند کەوچکی لێدەدات. خۆی دەتوانێ ئەوەندەی لێ بخوات کە پێی هەڵدەگیرێت و نەفسی دەیهەوێت. زۆر خۆریش، هەڵهێنانەوەی لەدوایە.

پێی دەڵێم دایکە گیان، ئەگەر من بەردەوام بە لۆمەکردن بژیم، ئەوا ئەو ژیانەی بۆ تۆ ئازار بوو، بۆ من دەبێتە ژان. ئیدی نە تۆ دەتوانیت ببیتە قەڵغانێکی هەتا هەتایی من و نە من دەتوانم خۆم لە بەدکاری لادەم. دایە گیان ئەوەی من لە تۆم دەوێت، دەستێکی گەرمە، کە بە وشە نەرمۆڵەکانت بیهێنی بەسەر دوودڵیمدا. بێ هیچ مەرجێک لە چەقی خواریمدا بڵێی من باوەڕم پێتە.

گریام زۆر گریام. وتم لە خوشکۆڵەکەم، ئەو کیژە خەوتووەی کە جەستەمان وەک یەک بە خاڵی نەریتە کوێرەکان کوتراوە، دەپرسم؛ چی دی هەیە بیکەم و بیگەمێ تا تۆ شەرم لە خوشکایەتیمان نەکەی؟ چی دی بە کردارەکانم شەرمەزار نەبیت!. چی دی بە کۆتەرەداری شەرم نەمئاخنیتە قاوغی نەنگ و ژیانێکی بەردەوامی پڕ لە سەلکە مردوو؟.

گریام زۆر گریام، وتم تۆ بڵێی ئێستا برا کەڵەگەتە لە خوێندا گیراوەکەم بە هەواڵی ئەم سەرکەوتنە، چی دی خۆی لە فەقیانەی کراسەکەم نەئاڵێنێ و بتوانێت دەست لە کەمەری ئاوەڵکراسەکەم بەربدات ؟ چی دی نەڵێت بڕیاری تۆ، شەرەفی من؟ ئاخر نە ئەو ئامادەیە گەر بە نهێنیش بێت کراسێکی من بپۆشێ و نەپێیيەکانی منیش بۆنی پێڵاوەکانی ئەو دەگرن.

گریام زۆر گریام وتم ئای تاکە کەسم، هەی خوێن و لە جەرگم خۆشەویست تر، نازانم چۆن و بە چی چاکەی ئەو هەموو میهرەبانیيە، کات ، گوێگرتن ، هەڵگرتنی باری قورس و بۆڵەبۆڵەی خۆمت بدەمەوە؟. وەک چۆن هەمیشە تاکە شکێر و پاڵپشتی سەری ڕۆیشتوو و سەختی منی، منیش ببمە ئەو پێڵاوەی لە سەرما و زیخ و شوشە دەتپارێزێت!

گریام زۆر گریام وتم تۆ بڵێی ڕۆژێک ئەو جەرگانە لە وەسفی مندا لەبری فرمێسک، زەردەخەنەیەک بکەن و بڵێن دایکمان ویستی بۆخۆی بژی، بەڵام ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانێک بوو.

دیسان هەناسەیەکی پڕ هەنسکی هەڵمژی و گوتی، سەیرە مرۆڤ وەک کراسێکی دووبەر، دیوێکی بۆ ئازادی دەنوزێتەوە و دیوەکەی دی بۆ بەڵگەنامەیەک دەگەڕێت؟ دەڵێی بێخەبەرن لەو واقیعەی کە بە دەستکەوتن و مۆرکردنی بەڵگەنامەیەك، ئیدی ئازادییان لە سێدارە دەدرێت!. وەلێ بەڵگەنامە و ئازادی لەگەڵ یەکدی هەڵناکەن. وەک نۆرم و ئیتیک هەمیشە دانەکیڕێیانە. بەڵام من هەنوکە دەزانم بۆ دواجار بۆ خۆم دەگریم، گریانێکی تێکەڵ بە ترپەی خۆشی. دەگریم بۆ ئەو دەنگەی لە ناوکمەوە ختوکە و بەرق دەدات. بە خەندەیەکی زۆر بوێرانە دەڵێت؛ مرۆڤ تا دوا هەناسە قەرزداری بوونێکە، کە ناوبەناو پێویستی بە دۆزینەوە و گێڕانەوەیە. واتە پێویستی بە جووڵەیەکیبەردەوامە تا ڕاستەقینەتر و ڕوون و پتەوتر بێت.ئیدی هەرچەندە کە شەرم و شانازی بە خۆ، لە دیدەی بەرانبەرە بۆ تۆ، بەڵام مانایەکی دی لەبوونی مرۆڤیش ئەوەیە کە وەک سەربازێکی باوەڕ پتەو، پێگەیشتووانە بۆ بەهاکانی خۆی بجەنگێت.
 
 
* گريان.. * مرۆڤ .. * شانازی .. * نۆڕم..*کۆمەڵگە .. * سەرکەوتن.. * بەردەوامی .. * باوەڕ .. * دايک .. * باوک .. * جەرگ و جگەر