ڕێڤان جاف
نووسەر، هۆڵەندا
ڕۆمانی “ نەفرەت لە دۆستۆيفسکی “ لە نووسينی نووسەری ئەفغانی عەتيق ڕەحيمی و کورداندنی نووسەر ئازاد بەرزنجييە،
دۆستۆیفسکی لە ڕۆمانێکدا دەڵێت (ئەگەر خودا نەبووایە، مرۆڤ هەموو شتێکی دەکرد)نووسەریش لەم ڕۆمانەدا پێمان دەڵێت (لە ئەفغانستاندا، لە کاتێکدا هەموو باوەڕیان بە خودا هەیە، چۆن دەبێ ئەم هەموو کوشتنە هەبێت؟)
ڕۆمانەکانی ڕەحیمی هەر لە بەردی سەبوور، خاک و خۆڵەمێش، نەفرەت لە دۆستۆیفسکی، ئاوکێشەکان…….کۆمەڵە ڕۆمانێکی بەهێز و کاریگەر و بەناوبانگی ناساندنی ڕووە ڕاستەقینەکەی شەڕ و کێشە وململانێ وکارەساتەکانە کە لە شێواز و تەکنیکدا ئاستێکی بەرزی گێڕانەوەیان هەیە. کار و بەرهەمەکانی نووسەر یەکێکن لە جوانترین کارەکانی دونیای نووسین و ڕۆمان، بە پێشەنگ و ڕێنیشاندەر و هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگەی ئەفغانی و زۆربەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دادەنرێت کە بە هەمان برینی هاوبەشەوە پەیوەستی کێشەگەلێکی کەلتووری و دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و چەواشەکارییەکی سەختن بەناوی سیاسەت و دەسەڵاتی دووبارەی قۆرخکاری و بەربەریەت و دەمبەست کردن و خۆڵکردنەچاوەوە، بە هاندانی هەڕەمەکی و فریودانەوە خەڵکیان هانداوە بۆ خۆشکردنی ئاگری جەنگ و براکوژی، بە ویژدانێکی بیمارەوە نیشتمانیان کردۆتە ماڵێکی لێکترازاو و مەیدانێکی خوێناوی سەرکوتکراو.
نووسەر بە زمانێکی ڕوون و ڕەوان گوزارشت لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی ئەفغانی و هەموو ئەو میلەتانە دەکات کە هاوشێوەی گەلی ئەفغانی تەوقی جیاکاری و نادادیی و داگیرکاری…. یان لە مل کراوە، وێنە شێواوەکەی لێکترازانی باری دەروونی و شڵەژانە ڕۆحیيەکەی تاکی ئەفغانی وێنادەکات، بە وریاییەکی زۆرەوە چاودێری هەموو ئەو ڕەوشانە دەکات کە لە ئەفغانستان و هاوشێوەی ئەو ژینگە خوێناوییە ڕوودەدات.لایەنە هەرە جوانەکەی ئەم ڕۆمانە لە وێناکردن و خوێندنەوەی واقیعە بە ئازار و ناسۆرەکەی گەلێکی ستەمدیدەدا خۆی دەبینێتەوە.
ئەم ڕۆمانە لە تایبەتمەندی و کرۆکدا هەڵگری زۆر باس و بابەتە، باس لە قێزەوەنی و ترسناکی و بەدکاری و کارە ناپەسەندەکانی بەرپرس و سەرکردایەتی و حوکمڕانی دەکات، باس لە نەفرەتی یاسا و حوکمە توندڕەوەکانی دۆزەخە ڕەشەکەی ئەفغانستان و هەموو نەفرەتیيەکانی شەڕ و جەنگ و ناعەدالەتی و قوربانیدان و چاندنی تۆوی ڕک و کینەی کارەساتبار و تۆڵەسەندنەوە دەکات، دەپرسێت ئاخۆ ئەمانە بۆ چرکەساتێک هەستیان بە لۆمەی ویژدانی خۆیان کردووە، بۆ هەموو ئەو ترس و تۆقین و برسێتی و خوێن ڕشتنەی لە دڵ و دەروونی مرۆڤی ئەفغانی و ژینگەی ئەفغانیدا چاندوویانە؟؟؟
لە نێو ئەم هەموو کابوسەی ژیاندا، لە نێو ون بوونی دەنگی حەقیقەتدا لەناو دەنگی گولە و تۆپ و تەیارە و دووکەڵی بارووت و توندوتیژی نادادی سەرکردە توندڕەوەکاندا، کێ گوێ لە دەنگی ویژدان دەگرێت؟؟؟ کێ بەرامبەر بەو دونیا نائینسانیيە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات؟؟؟
نووسەر وەک میتافیزیکزانێک بە ئاکاری بەرزی ڕاستگۆی و دادپەروەری و بەرپرسیارێتی و ئاگایییەوە گرنگی بە سروشتی بوون و جیهان داوە و ناوەڕۆکی مەسەلەکان بە هەموو ئەو ناعەدالەتی و ناهەقيیەی دژ بە مرۆڤایەتی دەکرێت هەر لە زوڵم و چەوساندنەوە و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان و سنووردارکردنی ماف و خواستەکان….. دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوەی ورد و چڕەوە. ئەرکە دیار و لەبەرچاوەکەی نووسەر هاندانە بە ئاراستەی خۆبنیادنانەوە و خۆدروستکردنەوە لەپێناو پاراستنی هەموو ئەو هۆکارانەی کە هەماهەنگن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنگەژەی حوکمڕانی و گەندەڵی ئیداری و ئابووری و ئەمنی و ڕێکخستنەوەی ڕایەڵە ترازاوەکان و توانا بزربووەکانی تاکی ئەفغانی و ساڕێژکردنەوەی برینەکان و بونیادکردنەوەی ژینگە وێرانەکەی جەنگ و چوونە ناو ئاسۆیەکی ڕوونی پڕ لە ئاوازە زیندووەکانی ژیانەوە. هاندانه بۆ گەڕانەوەی هەموو ئەو هۆکارانەی کە دەبنە داڕێژەری ئامانج و هەنگاوەکانیان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد.
نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا بە ئاستێکی ئاگایی و بیرکردنەوەی قووڵەوە تیشک دەخاتە سەر دەرئەنجامە خراپەکانی کوشتن و مەسەلەی کوشتن دەخاتە ژێر پرسیاری ئەخلاقییەوە، دەیخاتە دادگای ویژدان و هەستی بەرپرسیارێتییەوە لە ڕێی دادگاییکردنی کارەکتەری “ڕەسول” بۆ خودی خۆی، تەواوی کۆمەڵگەی ئەفغانی دەخاتە بەردەم دادگای ویژدانەوە. ڕەسول: کوڕێکی گومڕا، دەرگیرانێکی ون، تاوانبارێکی شکستخواردوو و سەرلێشێواو، هەست بە بەتاڵی ناوەڕۆک، بە بەتاڵی ئومێد دەکات، بەڵێ بەتاڵی تاکی ئەفغانی، ئەو بەتاڵییەی هیچ شتێک شک نابەی بیبەخشیت، بوون و نەبوونت هیچ ناگەیەنێت [ئەمدونیایەيش بە بێ تۆ بەتاڵ نابێت، بەڵکوو لە تۆ بەتاڵ دەبێت.]
ڕەسول لەژێر کاریگەری ڕۆمانی “تاوان و سزای دۆستۆیفسکی” دا و لە ڕێگەی شرۆڤەکردنی کارەکتەرەکانەوە هەوڵی لاسایی کردنەوە و ئەنجامدانی تاوان و سزادانی خودی خۆی دەدا، دەیویست دادگایکردنەکەی و حوکمەکەی ببێتە شایەتییەک لەسەر ئەم ڕۆژگارە ناعادیلە، ئەم ڕۆژگاری درۆ و دووڕوویییە، ڕەسول بە وەهمە نەبڕاوەکانی کەوتە نێو تاوانێکی کوشتنەوە، کوشتنی پیرێژنێکی سووخۆر تەنها لە پێناوی ئەوەدا وامان لێبکات بیر لە کردەوەکانی خۆمان بکەینەوە و بیان خەینە ژێر پرسیار و دادگاییکردنەوە بۆئەوەی بەسەر هەموو ئەو فەزا خوێناوییەی کوشتن و خوێن ڕشتندا زاڵ بین کە باڵی بەسەر ئەفغانستان و زۆر ناوچەی تری هاوشێوەدا کێشاوە. ڕەسول پێی چاکتر بوو قوربانی دەستی وەهمەکانی خۆی بێت نەک خەڵکانی تر بکاتە قوربانی. هەرچەندە ڕۆمانەکە بە چەندەها کارەکتەر و چیرۆکی جیاواز و سەربووردەکانی شەڕی ناوخۆوەجوانيیەکی سەرسامکەرییان بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بەخشیوە بەڵام هاوتەریبیەک لە نێوان کارەکتەرەکانی هەردوو ڕۆمانەکەدا بەدیدەکرێت، واتا کاریگەری ڕۆمانی تاوان و سزا بەسەر تەواوی بارودۆخی ڕۆمانەکەدا زاڵە.
لە کۆتايیدا نووسەر دەیەوێت فەلسەفەی ویژدان بکاتە چرایەک بۆ گیانی لێبوردن لەناو شەوەزەنگی توندوتیژی تۆڵەسەندنەوە و خوێن ڕشتندا. دەیەوێت بنەمای ویژدان و ئینساف بکاتە یاریدەر و پاڵپشتی مانەوەی شکۆ و پارێزەری مانای ژیان و بەها مرۆییەکان.
هەرچەندە کتێبەکان ناتوانن ڕاستەوخۆ دونیا بگۆڕن بەڵام دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بیروهزر و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان هەبێت و بیانگۆڕێت، کەواتە ئەم ڕۆمانە دەتوانێت وەک ڕەتکردنەوەیەکی توند بەرامبەر هەموو ئەو هێزە سیاسی و سەربازی و بیروباوەڕە سەپێنراوەکان و دژایەتی ستەمی چینی ستەمکاران لە قەڵەم بدەین.