فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕاستی!

بەڵێن تۆفیق حەمەد
شاعیر
ئەو (ڕاستی)یە سەر بزێوە
دەڵێن هێند دوژمنی زۆرە
بۆیە نابینرێ بەپێوە…
یەکێک دەڵێ لە ئەزەلەوە جاش بووە
یەکێک دەڵێ
پێشمەرگە بووەو لە شاخ بووە
من زۆر بەشوێنیدا ڕۆشتم
بەڵام هەرگیز پێی نەگێشتم…
لەکوێ نیشانێکم دییوە
زۆر بە وردیم پشکنیووە..
وەختێک گووتیان،
ئەو (ڕاستی)یە سەرەڕۆیە
والەنێو حیزبی عەلمانی
سەرقاڵی مافی مرۆڤ و
دادپەروەری پڕ شکۆیە
ئەوێش گەڕام…
وەختێک گووتیان،
والەنێو ڕەوتی ئیسلامی
خەریکی هەڵوەشاندنەوەی
هەزاران فتوای درۆیە
ئەوێش گەڕام…
وەختێک گووتیان،
والەنێو ئۆپۆزیسیۆنی
پەڕلەمان و
سەرشەقام و
نێو خێوەتگەی مافەکانی
من و تۆیە
ئەوێش گەڕام…
وەختێک گووتیان،
کورد لە ڕاستی بێخەبەرە
نەلەم بەرە نە لەوبەرە
وا لە دڵی داگیرکەرە
بۆ ئەم هەستە ئابڕو بەرە
ئەوێش گەڕام…
سەد مخابن تێنەگەیشتین
ڕاستی تەنیا درۆیەکی هیچ و پووچی
سەرزووبانی
 ماڵ وێران و قەلەندەرە
٢٠٢٥/٢/١٢