شنیـا عەبدولمەجید
شاعير ، هەولێر
خەم و مەراقەکانی ئەو، وەک مێش تێم دەئاڵان
کۆتری خەوی لە چاوەکانم دەخستن، تا بانگەڵای بەیانیان
ئەو ڕۆژەمی پێ پەک دەخستم و..
ئەو ڕۆژە، هەمووییم هەر شەو بوون!
تاریک… لە تاریکیدا لە شەو دەچوومەوە.
بێدەنگ: لە بێدەنگیدا… پەنگم دەخواردەوە.
ئەو ڕۆژەم.. هەموویی هەر خەوە نوتکە دەیبردمەوە
دەبۆرژام و… ژان، سەرمی ڕادەژەنی
لە ئەشکەوتێکی تەریک و چۆڵ دەچووم
لە ناو خۆمدا، دەنگم دەدایەوە
ترسناک ترسناک بووم
لە خۆمم دەپرسی:
وەک ئەوە وام، لە پرسەی نزیکترینم بم!
ڕەنگە بە هاتنی…
ئەم پرسەیە ببێ بە شایلۆغان!
نهێنیێکی پێ دەوێت، تا نهێنیێ بزانیت!
هەڵهێنانی ئەم تەلیسمە، هێندەیش قورس نیە
کاتێ من بمەوێ لە تاوی خەمی، سەرم هەڵبگرم و..
لە گەڵ هەورەکاندا دەست بە فڕین بکەم
بێ مانایی نیە بە بوون،
کاتێ، تا بلۆگەلێک بیانهەوێ لە چوار چێوەکانیان بێنەدەر:
چیە؟ بە مەحاڵی ئەزانیت؟
دیوار گەلێک هەن، خنکاون و..دەیانهەوێ بڕوخێن!
زەوی سەراپایی بێزارە، لەو بازرگانیەی کە پێی دەکرێت و.. دەیهەوێ ئەم بێ حورمەتیە ڕابگرن،
هەر بە خاتری ئەوەی کە ببێ بە پشتێنەیێکی سەوز،
تا بچێتەوە سەر ڕەچەڵەکی
.
.
.
.
” پیاوە چاو سەوزەکە “!
زەوی خۆی زمانی نیەو لە تاوی… وەگۆ کەوتووە!
ئەی چی منی مرۆڤ، کە بیرکردنەوەمتان بە دڵ نیە،
ئەشێ ببن بە خاوەنی جەستەم؟
دوێشەو، بیرم لەم نادادی چانسە دەکردەوە!
تۆ باسەکە مەهێنەوە سەر دڵنازگیم
” من واز لە هەموو شتێک بێنم، بەس تا نەبمە ماڵێک و..
نەکەومە بەر دەرگا! “
بۆم هەزم ناکرێ ئەم کەمی یە!
یانیش تا ناوم نەخەنە فایلێکی ڕەش و..
نووسینە سپیەکەی سەریشی نەبینن!
ئێرە ئەو مەملەکەتەیە کە دەبێ نەریتە ڕەشەکان بنێژێت و..
دابە سەقەتەکانیان بۆ ئەبەد ڕاست کەینەوە،
یانیش ئاوڕی بۆ نەدەینەوە.
داپیرەم دەیگوت: هاوڕێیەتی مەگۆڕنەوە بە عیشق!
من لام وابوو، لەبەر شڵەژاوی شەرم ئەم وتەیەی پێمان دەگوت!
ئەو درێژەی بە قسەکانی دەداو.. دەیگوت:
لە هاوڕێیەتیدا، ئازادیت پترە لە عیشق!
دەیگوت: عیشق یەکانگیرە لە گەڵ کۆت بوون
دەیگوت: لە عیشقدا، دڵ هێندەی پەپوولەیێ
نازگ دەچێتەوەو…
تەنانەت لەسەر گوڵیش بێ ڕەنگە
.
.
.
.
گیان بسپێرێ!
هێند هەستیارەبێ عاشق، کە ناتوانێ گرەو لە خۆیشی بەرێتەوە!
مناڵ کارانە شەر بە خۆیشی ئەفرۆشێ!
لاسارانە، ئازار دەیخاتە سەما
یاری بەڕۆحی بەلەنگازی دەکا
وەک شووشەیێکی پەرش، ڕۆژانە هەزاران جار، دەڕژێ و… خۆیی بۆ کۆ ناکرێتەوە!
ئیدی وەرە باهاوڕێ بین!
