ڕۆژ ھەڵەبجەیی
شاعیر، سلێمانی
من پیاوێک دەناسم سەری تژییە لە هەموو ئەو دەرگایانەی لەگەڵ سێبەری دیوارا نین لێ خاڵی لە مەوجی مەحەبەت،
بە میزاجی توحفە فرۆشان نمایش دەکات و
غەزەلێکی نییە بێتە پردێک،
پێکەنینی ژنێک فێری پەڕینەوە بکات،
کەچی هەمیشە زمانی مەعشوق تەفسیر دەکات،
ئەمە خەجاڵەتێکە تێنەگەشتن
لە ئاسماندا دەیەوێ فەلسەفەی فڕین
فێری ئەو باڵانە بکات ئاشنان بە ڕێگاکانی قەفەس،
کەچی ڕێڕەوێکی نییە دێڕێک درەخت
ئاشت بکاتەوە بە چڵی با
من پیاوێکم ناسی مویەک خۆشەویستی نەزانی ،
بە ڕێنووسێکی هەڵەوە ئەوەندە شیعرم دا لە خۆم
خەیاڵدانم خاڵی و عیشقم کاڵفامانە پیادەڕۆ..
گومان خەریکە نووچ بداتە یەقین ،
بۆ هەرکەسێک شیعرم دابێت لە خۆم
چۆتە خانەی کوژراوەکان،
ئیتر دەستم داوە لە بیرچوونەوە،
کەچی ئەو منی کوشت و
لە کوشتنیش تێنەگشت،
سەیرە ! لەبیری چووە تەمەن مەوداکانی کورتن،
بە کاتژمێرێکی لمین دەڵێم: تۆ سوارچاکی لە ڕۆشتنا
ئەم برینە بە ڕووخساری مەرگەوە،
هەر دەگاتە مەنزڵی کۆتا !
ئەو لەو شەربەتەی مەرگیش تێناگا،
بە دەستێکی زەهایمەرەوە
پێک پێک هەڵی ئەدا ،
لە بیریا نییە ژیان کاتژمێرێکە لمین !
1/5/2025