فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سەربووردە و بەسەرهاتەکانی دەشتی هەولێر و دۆڵەکانی ناوبەندی زوورگەزراو لە ڕۆمانی (کاکەڕەش)ی (حازم عەلی کوتك)

خوێندنەوەی:  سەلما تۆما کاکۆ
نووسەر ، ئەڵمانیا
دایکی کە ژانی لەدایکبوونی ئەو کوڕەی هاتبووێ، شەوێکی ئەنگوستەچاوی باراناوی بوو لە بنەبانی خانوویەکی بنمیچ ڕەشی گڵین، بەدیار چرا ڕەشکەیەکەوە چاوی به تاریکایی هەڵهێنابوو، ڕەنگی شەوی گرتبوو و کە گەورە بوو لە تاریکایی شەوانی نمەنمەی بارانباردا دەستی تۆڵەکردنەوەی دەوەشاند، هەر بۆیەش هاوڕێکانی نازناوی ( پاشای شەو) یان لێنابوو!
ناوی کتێب: کاکەڕەش (پاشای شەو)
نووسی: حازم عەلی کوتك
بابەت:  ڕۆمان
چاپی یەکەم: ساڵی/٢٠٢٤
ژمارەی لاپەڕە: ٦٩٤لاپەڕە
ناوەڕۆك
ــــــــــــــ
کاکەڕەش چ کاکەڕەش! ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێ گەربڵێم:
خۆی لەشانی ڕۆمانی”حەمەدۆک”ی “یەشار کەمال” دەدات، لەوانەیە لە نووسینەوەی “حەمەدۆك”  بەچەندبارە بوونەوەی وەسفی ڕووداو و سرووشتی شوێنەکان درێژدادڕی کرابێ، لێ ڕۆمانی کاکەڕەش لەو درێژدادڕی و زێدەڕۆییەیش خۆی پاراستووە.
ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە:
 خستنەڕووی چۆنییەتیی ژیانی ڕۆژانەی تەواوی خەڵکی گوندەکانی دەشتە کاکی بە کاکییەکەی هەولێر لە هەر چوار وەرزی ساڵ، بە زەقییش زیاتر تیشك خراوەتە سەر ململانێی چینایەتی و ڕەفتاری ئاغاکان و چەوساندنەوەی جوتیاران و کپ کردنی دەنگە ناڕازییەکان لە سەردەمی حوکمڕانی مەلەکی و دواتریش کۆماریی کە لەنێوانیاندا تەنها(دوو ساڵ و چەندمانگێك) نەبێ کە بە ساڵانی زێڕین ناودەبران بۆ جوتیاران ئەگینا نادادییەکانی ئەو سەردەمە هەمووانی هەراسان کردبوو.
نووسەر لەو ڕۆمانەدا هیچ بووارێکی ژیان و چین و لایەنەکی فەرامۆش نەکردووە، لەوانە:
بواری کۆمەڵایەتی، پەروەردە، تەندروستی، مەڕداری و کشتوکاڵی، عەشق و خۆشەویستی، وەفاداری و جوامێری، چەوساندنەوەی ژنان و مارەکردنی کچانی تازە لەدایکبوو، ڕۆڵی مەلا و پیاوانی ئایینی لە ڕازیکردنی خوا و بەدەستهێنانی بەهەشت، زیکری شێخ و دەروێشەکان، نۆکەریی و کۆیلایەتی، دوژمنایەتی و غەدر و خیانەت، تۆڵەسەندنەوە، سیخوڕیکردن و زۆری تریش، کە لە هەموو بووارەکان”کاکەڕەش”ی پاڵەوانی ڕۆمانەکە و هەڵگری بیری چەپ وەك فریادڕەس ڕۆڵی هەبووە.
جگە لەمەیش، نووسینەوەی ژیانی بەشێك لە دۆمەکان و چۆنییەتی هەڵسوکەوتیان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ خەڵکی گوند تا ڕادەی پەیوەندی خۆشەویستیی کچەکانیان لەگەڵ گەنجە لادێییەکان لە چەند لاپەڕەیەکی بەشی(٢٢)ی ئەم ڕۆمانە جێگای بۆ کراوەتەوە.
زمانی نووسین
ـــــــــــــــــــــــــ
١ـ  ئەوەی لە چێژی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی زیاد کردووە و خوێنەر بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت تا تەواوی نەکات، ئەو زمانە شیرین و سادە و بە زاراوە دەوڵەمەندەی دەشتی هەولێرە کە پڕیەتی لە وشەی جوان و سەرنجڕاکێش کە بەتەمەنەکان زۆریان بەلاوە پەسندن ئەگەرچی ڕەنگە لەئێستادا کەمتر گۆبکرێن، بۆ ئەمەیش پەراوێزێکی زۆر پوخت و دەوڵەمەند لە بەشی خوارەوەی لاپەڕەکاندا هەیە و شێوەی لە فەرهەنگێکی (کوردی ـ کوردی) دەچێت، بەمەیش نووسەر خزمەتێکی گەورەی پێشکەش بە خوێنەر کردووە.
٢ــ ئەو شێوازە ئەدەبیەی لە نووسینی بەرهەمەکانی پێشتری نووسەر و ئەو ڕۆمانەیشدا بەدی دەکرێ نیشانەی بوونی هەستێکی جوان و شاعیرانە و بەرزە کە وا لە خوێنەر دەکات لەگەڵ ڕووداوەکان هێدمەگرتی بێت، بۆ نموونە لەوەسفی شەوە ساردەکان بەم جۆرە دوواوە:
 “وژەوژی ئەو وشکەبا ساردەی سینگی خۆی لە لێوی تیژی سوولاوکە و تەنەکەی بەر سواندەی خانووەکان دەسووی، دەنگێکی لە نەغمەی گریان و کڕووزانەوەی ترسناکی بە گوێی خەڵکی پەستاوتەی بنەبانی ژوورەکاندا دەدا، ئەوەی لەو سەرمایە بێمنەت بوو تەنها سەگەکان بوون”. لا٤٣٩
٣ــ  لەزۆربەی ڕووداوەکان کۆپلە شیعر و چەند دێڕێك بەستە و حەیرانی تایبەت بەو پێدەشتە بوونی هەیە بەمەیش نووسەر لە وشکیی بابەتەکان دوور کەوتۆتەوە کە دەبێتە هۆکاری بێزاربوونی خوێنەر.
٤ــ ڕۆمانەکەی بۆ (٢٩) بەش دابەشکردووە
  کەهەندێکیان بابەتی سەربەخۆن و  هەندێکیشیان تەواوکەری بەسەرهاتی پێش خۆیانن، لە زۆربەی بەشەکانیش پاڵەوانی ڕۆمانەکە “کاکەڕەش” ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێ.
٥ــ  ئەوەی جوانییەکیتری بەخشیوە بە ڕۆمانەکە کۆتاییهێنانی ڕۆمانەکەیە بە چەند دێڕێك لە گێڕانەوەی ژیانی لە دایكبوونی “کاکەڕەش” لە زاری خۆیەوە بۆ نووسەری ناو زیندانەکە، کە هەمان ئەو چەند دێڕە نووسینەیە کە نووسەر ئاماژەی پێکردووە لە دەستپێکی بەشی یەکەم کە ئەگەری زۆرە نووسینی ڕۆمان دەبێ بەم شێوەیە بێ، ئەو شێوازی نووسینە جاران مەرجێك بوو لە نووسینی داڕشتن (انشاء) لە قۆناغەکانی خوێندنی قوتابخانەكانیش.
پەیامی نووسەر
ــــــــــــــــــــــــــ
١ـ لە پەرەگرافی: ئەو شوێنەی ڕۆژانە کۆترەکان چینەیان لێدەکرد، ئەو ڕۆژە پێش هەتاوبکەوێ دۆمەکان دەستیان بەسەرداگرتبوو، کۆترەکان بێوار ماونەتەوە،
 ئاوارەبوونی کۆترەکان ئەو پەیامە دەگەیەنێ کە:
هیچ دەردێك بەو دەردە نابێ کە وار و شوێنی ژیانت لێ داگیر بکەن و کەسیش لەسەرت نەیەتە دەنگ! لا٤٥٩
٢ـ  پەیوەندی خۆشەویستی نێوان “شەمسی خان”ی کچی “کوێخا نامیق”ی کوێخای دۆمەکان و  “جەمیل”ی کوڕی یەکێك لە سەرۆك خێڵەکانی گوندێکی ئەودیوی زوورگەزراو ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە:
جیاوازی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان ڕێ لە عیشق ناگرێ و عیشقیش وەك دۆمەکان هیچ سنوورێك ناناسێت، لا٤٨٧
٣ـ  وتەکانی جەمیل لەشکستهێنانی پەیوەندییەکەی کە دەڵێت: بەمن چی؟
 باپیرم پڵینگی کوشتووە، لە دیوەخانێ پۆڵووی لەنێو لەپی خۆی داناوە و نەیگوتووە ئاخ، دیوەخانەکەی چەند پێ درێژە و چەند نۆکەر و خزمەتکاری هەبوونە…هتد لاپەڕە ٤٨٨،
هەڵگری پەیامێکن کەمرۆڤ ئەوکاتانە ئاسوودەیە کە بتوانێ(وەك خۆی بژی)و ئامانجەکانی خۆی بەخۆی بپێکێ، خۆشبەختی و ئارامیی دەروون بە سەروەت و نازناوی کەسانی دیکە
نایەتە دی و جگە لە خوڵقاندنی ئەو جیاوازیانەی کە زۆر جار دەبنە بەربەست لەبەردەم  خۆشییەکان هیچیتر نابەخشێ.
٤ــ  پەرەگرافی، کاکەڕەش گوتی:
ئەو سەردەمە پیسەی ئێستا تووشی هاتووین، ئەوە ئی ئەوڕۆ نییە، ئەوە ئەو میراتەیە کە باپیرانمان بۆیان جێهێشتووین، نابێ ئێمەیش بۆ نەوەکانی دوای خۆمانی بەجێبهێڵین! لا٤٢١
هەڵگری پەیامێکە کە مەرج نییە ئەوەی لە باو و باپیرانمانەوە بەجێماوە پیرۆز بێ و ناکرێ دەستکاری بکرێت بەڵکوو بنبڕکردنی هەندێ لە نەرێتەکانی ئەوان و بەزاندنی زۆر لەو هێڵە سوورانەی سەردەمی ئەوان گرنگە بۆ هەنگاونان بەرەو گوزەرانێکی خۆشتر و باشتر کە سەردەمی ژیان لێمانی داوادەکات.
مەبەستی نووسەر
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
بە بۆچوونی خۆم وەك خوێنەرێك، لە مەبەستی نووسەر بۆ نووسینەوەی ئەو ڕۆمانە سێ هۆکار بەدی دەکەم:
١ـ نووسینەوەی ژمارەیەك لەو سەدان
سەربووردە و بەسەرهاتە گرنگ و فەرامۆشکراوانەی خەڵکی گوندەکانی دەشتی هەولێر و دەورووبەری کە ڕاستەوخۆ ڕووداوەکانیان کاریگەری هەبووە لەسەر ژیان و گوزەرانیان لە هەموو بووارێکەوە و زیاتریش لە سەردەمی ململانێی چینایەتی نێوان ئاغا  و جوتیارەکانی گوند و ڕکابەرایەتیکردنی هەڵگرانی بیری چەپ و شیوعییەکان.
٢ــ دەرخستن و نیشاندانی سنوور و ڕادەی دەوڵەمەندیی ئەو پێدەشتە بە وشەی کوردی ڕەسەن و ئیدیۆم و پەند و بەستە و حەیران و داستانی جۆراوجۆر کە ئەوانەی نووسراونەتەوە و کراون بە ڕۆمان خێرا لە هەموو کوردستان دەنگیان داوەتەوە، لەوانە:
“کەریم و ستی”و”حەسەن و مریەم” کە لەنووسینی ڕۆماننووس”کەریم کاکە”ن.
٣ــ ڕزگارکردن و زیندووکردنەوەی ئەو وشە و زاراوە کوردییە ڕەسەنانە لە فەوتان و لەناوچوون کە دەمێکە لەسەر زاران نەماون و تۆزی لەبیرچوونەوەیان لێ نیشتووە و لە لێواری مەرگن کە بە بیرهێنانەوەیان جارێکی تر گۆ دەکرێن و نووسەرانیش نووسینەکانیان پێ دەڕازێننەوە و دەوڵەمەندتریان دەکەن.
سەرنج و تێبینیەکان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
١ـ  ئەو ڕۆمانە کەرەستەی ئامادەکراوی فیلمێکی سینەماییە کە هەر کات ئیشی لەسەربکرێت ئەگەری زۆرە سەرکەوتووبێ  چونکە مێژوو و چۆنییەتی ژیانی تەواوی دانیشتووانی گوندەکانی دەشتی هەولێرە.
٢ـ نووسەر وەك فۆتۆگرافەرێك هێندە بە جوانیی ڕۆچووتە ناو ڕووداوەکان و وەسفی کابان و کچانی گوند لە کاتی کارکردن و جوڵە و هەڵسوکەوتی منداڵەکان بەجۆرێك کەخوێنەر چێژ لە خەیاڵ و  وێناکردنی دیمەنەکانیان وەردەگرێ.
٣ــ مەبەست لە ئاماژەکردن بە چەند دێڕ و وتەی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە وەك نموونە، بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەرە  لە کاتی هەڵسەنگاندنی خوێندنەوەکەم نەك بۆ کەمکردنەوەی چێژی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە.
٤ــ لە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە کەسایەتی  نووسەر دەخوێندرێتەوە و وا دەردەکەوێ کە هەمیشە هاواری بۆ زام و برینەکانی نیشتمان لەهەموو کەس بەرزتر بووە.
٥ــ بەراوورد بە زۆری ژمارەی لاپەڕەکانی ئەو ڕۆمانە کەمترین هەڵەی نووسین و چاپ بەرچاو دەکەون کە ژمارەیان لەپەنجەی دەست تێناپەڕێ، هەزار جار دەستی ئەو نووسەره خۆشبێ و خامەی هەر لە لووتکە بێ کە لەیەکەم ئەزموونی  ڕۆماننووسین توانی کتێبخانەی کوردی بەو ڕۆمانە جوانە دەوڵەمەندتر بکات.
٦ــ  بەرگریکردنی جوتیارانی گوندی شەناغە  لەزەوییەکانیان کەئەمساڵ لە میدیاکانەوە هەمووان لێ ئاگاداربوون نموونەیەکی ڕاستەقینەی پابەستبوونی جوتیارانە بەزەوییەکانیانەوە و بەرگریکردنە لێیان تا ڕادەی گیان بەختکردنیان وەك چۆن نووسەر لەم ڕۆمانە ئاماژەی پێکردووە.
٧ـ سوپاس بۆ نووسەری خامە بەرز و بوێر کاك حازم عەلی کوتك کە دەمێکە  ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی بە پی دی ئێف Pdf  بۆ ناردووم، زانیاریم لەسەر پێشەکی و پێڕستەکەی نییە بۆیە ئاماژەم پێیان نەکردووە، بەداخەوە تا ئێستا دەرفەت نەبوو بیخوێنمەوە هەرچەندە زۆرە بەڵام  لەبەر چێژی خوێندنەوەی بە سێ ڕۆژ تەواوم کرد، هیوادارم لەخوێندنەوەی بێبەش نەبن.