نەجات ئەحمەد
شاعیر، ھەولێر
وا بەیانە
خۆر لەپشت سەری شاخەکانەوە خەریکە سەر دەردێنێ
نەسیم خەریکی دەستبازییە لەگەڵ درەختەکان
گەڵای باریکەڵەی شەنگەبی بەدەم سەدای ئایەتەکانی “با”وە شینی مەرگی شەو دەگێڕن
پشیلە ڕەشەکە لە لێواری پەنجەرەکە هەڵکورماوە
لەسەر مێزە دارینەکە شوشەیەکی درێژکۆڵەی خاڵی پاڵکەوتووە.
بۆنی چای تازە دەمکراو نایەت
بەرامەی کولێرەی گەرم لەکوێیە؟
لەودیو پەنجەرەکە خشپەی گەڵا بانگم دەکات
جریوەی چۆلەکە و قوقەقوقی کەڵەباب، مژدەی ڕۆژێکی نوێم پێدەدەن
سەدان پەڕەسێلکەی برسی لەودیو شیشەکانی قەفەسی سەرمدا ناڵەیان دێ
قاچی هەستانم لە گۆ کەوتوون
بۆنی مردن ماڵەکەمی تەنیوە
پیرەژنەکەی دراوسێم خەریکی کفن بڕینە
هێزی رۆژێکی دیکەم نەماوە
لەئامێزی تاڵەکانی تیشکی خۆردا، باڵای مردن دەبینم
ئەفسوس، مەرگ پەڵە هەورێکی چڵکنە، کەس نازانێ کەی بەسەر پێدەشتە تینووەکانماندا دادەبارێ.
نیوەڕۆیان
خۆر بە تاقی ئاسمانەوە
باڵای دۆزەخم نیشاندەدات
لە موبەقەکە تەقەی مەنجەڵ و شوڕەی ئاو نابیستم.
بۆنی نارنجی تازە و شۆربای گەرم نایەتە بەر هەیوانی لوتم.
لەخۆم دەپرسم، دەبێ دیسان بچمەوە ئامێزی نوێنەکانم؟
حەیف، خۆکوشتنیش دەرەقەتی تەنیایی نایەت!
ئێوارە دێ
دڵتەنگییەکی خەست بەڕێوەیە
خۆری غەمگین دوایین وێنەی خۆیم نیشاندەدات،
کۆڵەپشتەکەی دەپێچێتەوە و دەڕوات
منداڵێک بەدوای سێبەرە بچکۆلانەکەی خۆیدا ڕادەکات و هەر پێی ناگات
قازەکان بە لەنجەولار دەچنەوە
بۆنی گۆشتی برژاوی هاوسێکان دەمڕشێنێتەوە
بەئەسپایی بە گوێی خۆمدا دەچرپێنم و بەخۆم دەڵێم: پیاسەیەکی مەغریبانی بێدەنگ قەرزاری
ڕۆیشتنێک و نەهاتنەوەیەک قەرزاری
بابۆڵەیەک و نەڕشانەوەیەک قەرزاری
شەوێکی سور و رۆژێکی نەرم قەرزاری
بە دەنگێکی بەرز هاوارەکەم، مردنێک قەرزاری مردن
مردنێک و گەڕانەوەیەک بۆ ماڵەوە…
داخی گرانم، ژیان چوکلێتێکی شیرینە، چۆتە نێو کەلێنی ددانی کلۆرم.
سەرم هەڵەبڕم وا نیوەشەوە
شەو لە من تاریکتر
گوڵدانەکان خەڵتانی تاریکیین
کراسەشینەکەی ئاسمان پڕە لە وردە ئەستێرە
مانگ ژنێکی تازیەبارە، لەسەر سنگی ئاسمان پرچی خۆی دەڕنێ
هەور پیاوێکی دڵشکاوە، نم نم ئەشک بەسەر ڕیشی زەویدا دەبارێنێ
منیش وەک شەپۆلێکی شێت کە ڕەشەبا ڕێی پێگرتبێ
ئاڕاستەی هەنگاوەکانم دەگۆڕم بەرەو ماڵەوە
بەدەم ڕێکردنەوە، بە ئاوازێکی غەمینەوە، بە فیکە، لەژێر لێوەوە دەناڵێنم و دەڵێم: “دەنگی بولبول و قومری دێ لە نیوەشەوێدا
دڵ بە لێو ئاڵێ بەندە، بۆیە شێتبووە دەوێدا.”
مخابن، گەر هەموو شارەکانی دنیاش نیشتیمانی من بن، تۆسقاڵێک تۆزی غەریبییم لێ هەڵناوەرێ!