بێریوان
شاعیر، فیلەندا
( ١ )
تا داستانی ئیمانم پڕ دەکەم لە تۆ ..
گوڵ دەدەم بە درەختی ئاسمان.
تا نزاییەکم دەگا و
سوجدە بۆ گوڵی باخچەی خودا دەبەم،
بۆ مانەوەی ئەوینی تۆ..
تا دەگەمەوە بە تۆ..
لەو پەڕی خەونی دونیای بێ تۆییدا
من ناگەم و
هێواش هێواش لە ناو خۆمدا
بە بێدەنگیی
دەمرم.
٢٥/٤/٢٠٢٥
…………………..
( ٢ )
باسی تۆ بۆ کەس ناکەم
وەرە و خۆت چاوەکانتم پێ بدە
لە ئاوەکانی دڵمدا بمێنەرەوە
لە پاڕاوەکانی خۆشەویستیمدا سەرخەوێک بشکێنە
تا بۆت بپاڕێمەوە و
ڕەگی وشکم لە نیگاتدا زیندوو بکەمەوە
تا دڵم لە گەڵای حەوشەی ماڵەکەتدا نەنێژرێ و
بمگەڕێنیتەوە بۆ ئەو شوێنەی
چاوەکانتم تیا خۆشویستن و
خۆزگەی چاوەکانت بووم
لە چاوەڕوانی چاوەکانتدا دەتهێشتمەوە
لەوێدا بە جێمبێڵە
تا هەموو لەو جێگەییەدا
تۆ لە چاوەکانمدا ببیننەوە
تەواوی شار بزانن دڵخۆشیم بینینەوەی تۆ بوو.
٢١/٣/٢٠٢٥