ھێمن حەمەجەزا
شاعیرو ھونەرمەند، ئەڵمانیا
.
لە سێبەری شارێکدا
پیاوێکی تەنیا،
بێ ئەوەی هیچ شوێنێک و
هیچ مەبەستێک لە چاوەکانیدا دەربکەوێ،
بە تەنها دەسوڕێتەوە!
هەر دەسوڕایەوە و دەیگوت:
من لە ڕێگاکانی ئاوارەیی،
لە لای چیرۆکەکانی سەرهەڵگرتن و
لە پشت دەرگاکانی ڕابردوومەوە بەجێماوم!
هەروەها دەشیگوت:
ئەفسووس!
چل ساڵی ڕەبەقە،
من ون بووم و
هیچ کەسێکیش نەیدۆزیمەوە
تا، بەم ڕۆژگارە بەسەرچووانە گەیشتم!
.

