ناسک نەسیری
شاعیر، بەلجیکا
هێشتان چاوەرێی
چرای بەردەرگای ماڵتانم
شەو بریسکەیدا و
دێم و دەچم
جیرانە نوێژ کەرەکان
شێت وێڵن
کووچە تاریک و تەنەگەبەرەکانیش
چوونەوە ماڵێ
…
پشیلەی برسی بێ دەنگ
کەلاوەکان خامۆش
قومارچی یە دۆراوەکانی ئەوشـەوە
بەربووکی هەناسەساردی شەوی بووکێنین
مامان چاوەرێی کاکۆڵ زێرینێکی تازەبووکێ
هەموو ئەو شەوە بەرەو ماڵ بوونەوە
سۆفی خەواڵوو
لە تەک بانگی بەیان
لە خەو ڕابوو
بە ھەڵەداوان ڕووەو نوێژ خۆی پێچایەوە ..
وەلێ
چرای بەردەرگای ماڵتان
هەر نەکووژایەوە
دەسکە رێحانەکەی بۆم هێنابووی
لە پێش دەرگای ماڵتان
بۆتی جێ دێڵم
تا بەیانی زوو کە هاتی
بزانی من
هەتا کەنگێ چاوەنواڕ بووم .