ڕەھێڵ مستەفا
شاعیر،
شتەکان خێرا، لەبەر چاوانمان بچووک دەبنەوە.
دروستە گەر بڵێم،
تەواوی دونیا لامان، دەبێتە جێ خەوێک.
کاتەکان، تەسک.
دەنگەکان، کپ.
ڕۆحەکان، ماندوو.
ڕۆشناییەکان، کوێر.
تاریکییەکان، ڕژاو.
هەموو شتێک مردوو.
دەنگی ژیان دەبیستم، لەم دیوی پەردەی گویچکەکانم.
مرۆڤەکان وەک جن، سەرقاڵی کارە خراپەکانیان.
بۆنی تاوان، کوونە لووتەکانیان پڕ کردووم!
گوێم لە خوڕەی جۆگەلەی خوێنە.
تەرمێک، دووان، سیان، … زیاتر دەبینم.
هیچ شتێک ناتوانێ ببێت بە مرۆڤ.
بەڵام مرۆڤ هونەرمەند له ئەزموونی شتەکان.
نازانم بۆچی سەگ گڵاوە؟
بەراز، حەرام؟
قەلەڕەش، نەفرین کراو؟
کەمتیار، دڕندە؟
سیسارک، کەلاک خۆر؟
ئەی مرۆڤ چی؟