فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

جەستەیەک لەکورەی ژیاندا!

شکار موحەممەد
شاعیر، گەرمیان
لەسەرخۆ دەسوتێم
تینی ژیان و خۆر پێش جەستەم کەوتوون.
تامی جەستەیان سوێر کردووم
پێش ئەوەی خۆر بناسم \خۆمم لێ دەشاردەوە\ بێ ماندوبوون بەدووامەوەیە\ من ڕادەکەم و ئەو دەمڕەتێنێت
خۆشارنەوە دادم نادات، ئەوە منم ماندوو دەبم
خۆر بەسوێریی جەستەم فێربووە\ دەستم لێ هەڵناگرێت\ تاڵی تیشەکەلانی دەربازی دەمارەکانی خوێنم بوون\ جەستەم بووەتە لانەی ئەوان.
بەدوای دیوارێکدا دەگەڕێم
 چاوی خۆر  ببەستێتەوە
پشوویەک بە جەستەم بدات
قومێک ئازارشکێنم بداتێ
ئێستا دەزانم
بۆ خواردنەکانی باوکم خوێدار نەبوون،
ئەو پەروەردەی دەستی خۆرە
هەمیشە پاڵەپەستۆی بەرزە،
ئەم خۆرە وەک میرات بۆم ماوەتەوە\ وا سوتانی هەناسەکانم دەبینم
سوتان هەڵدەمژمو  تینی هەتاو
بەناو سیەکانم تێدەپەڕێت
ڕێچکەی بریناوی دروست دەکات
هەناسەیەک بۆ گێڕانەوە نەماوە،
بیرەوەرییەکانی برین، هەناسەم لەبەر دەبڕن.
دەست بۆ هەرشتێک ئەبەم
لەسوتاندایە
خۆر ڕۆژەکانی تەمەنی لێ زەوتکردووین
جەستەی کردووین بەخوڵەمێش.
جەستەم زەویەکی خوساوە
دەنکە گەنمی ئاواتی تیا ئەچێنم
لە رێگەی گەڕانەوە
دەیکەمە فەردەیەک پێکەنین بۆ ماڵەکەم.
دیوارەکە ئاوڕشێن دەکەم
پەلکە زێڕینەیەک دەبێتە میوانی خەیاڵم
لەدڵی خۆمدا دەڵێم:
گەر  خۆری ڕۆژگاردا نەمسووتێنێت
دەبمە پەلکە زێڕینەی سەرزەوی