فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فڕینی من!

ئامانج جەبار
شاعیر، سلێمانی
چەند جوان بوو فڕینی باڵندەکان ئەوکاتانەی ئاسمانیان بەفڕۆکە داگیر نەکردبوون
ئاسمان دڵی خۆی بۆ دەکردنەوە .
منیش کە ئاسمان ڕووخا بەسەر باڵندەکانی دا
تەنیا لەسەرم دا دەفڕیم و
خۆم متوربەی دۆزەخ دەکرد
 لەڕۆژانی کڕێوەدا
من کە بەختی خۆم لەچاوی ئەو ئەمیرانەوە دەبینی
کە ئومێدیان بەدیواری ڕوحیانەوە هەڵواسی بوو
لەتەک ژیاندا
ئەوەی من دەمویست ئازادی ڕوحم بوو
لەهەمان کات و بەهەمان جۆر
خەونی هەمان شازادە بوو کەلە سنگیدا هەڵیگرتبوو
دەبێت لەهەمان پەنجەرەی مناڵیدا
سەرم بخزێنمە دەرێ
بەبەر چاوی هەمان کۆتر
 لەهەمان ژواندا
من کەدەستم بە هیواکانی خۆمەوە گرتبوو
وەکوو هەمان ئەو ئەشقانەی
لەزەتی ژوانێک لەماچێکدا
دەبینەوە
وەکوو هەمان سەرباز لەهەمان جەنگدا
کە گوللە دەیپێکا
لەدوای خۆی بەتەنیا نیشانەیەک
لەگیرفانی چەپیدا
دەبوو بەدوو کەرتەوە
ئەوەی کەنزای بۆ سبەینێ دەکرد و
چیرۆکی بای بۆ غەریبەکان دەگێڕایەوە
من بووم
خەونی من لەخەونی هەمان ئەو پەپوولانە
دەچێت
کەلەسەر شانم ئۆقرەدەگرن
بۆیە دەبێت دواجار
جانتاکەم بۆ ئەو ئەستێرانە ئامادەکەم
 کەشەو بەمنی دەبەخشێت