فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پەیامیک بۆ هاوسەرەکەم….!

ئەڵماس مستەفا
شاعیر، سوید
با لە سۆراغی تەنیابوونمان بگەڕێین
بەدووی مقەدەساتی ساتەکانی ئەمڕۆمان بکەوین
من وتۆ لە نێو پەڕی گوڵێکا رۆحمان ئاڵابوو زۆر بەئاستەم
توانیمان تۆوەکانی فیراق لەیەکتر جیابکەینەوە
هەر بەصودفە پەرەسێلکەیەکم بینی کە ئەویش
بەدووی ئەدرەسێکا ووێڵ بوو !
لێم پرسی ئەم رێگەیە ئەمباتەوە سەرپردی سیڕات ؟
ئەبێ قیامەت لە کوێوە هەڵسێ
با لە چ کیشوەرێکەوە هەڵکا
خۆر لە پەنجەرەی کام ژیانەوە هەڵدێ.
زەوی لە کوێ لەنگەر دەگرێ
مانگ کەی سەرێک لەماڵی تەنهایم ئەدا؟
منێک کە نابمەوە بەخۆم و هەمیشە بە دیار
چاوەڕوانیەکی وەڕسەوە هەڵتروشکاوم
منێک کە بەدیار عیبادەتی گەڵایەکی وەریوەوە نزادەکەم
تا بمگەیەنێتە ئەو مەنفایەی کە جێنزرگەی پێکانی تۆی لێ وون بوە.
تازە هیچ لێکدانەوەیەکی وشە نامباتەوە سەرناوی ئەسڵی خۆم
من بەبێ تۆ لەگێڵاسێکی رەنگ پەڕیوو ئەچم
لەکانیەکی ووشک ئەچم کە بەهیچ رەچەڵەکێک نەمباتەوە سەر تنۆکە ئاوێکی بەرباخەڵی شەونمێک .