کامیل خانە
شاعیر، بەریتانیا
………….
دەزانم شیوەن و ڕۆڕۆو فوغانم
نیە کەڵکی لەکن تۆ جانی جانم
بەڵام جارجار لەئاوێنەی خەیاڵت
تەماشاکە چەنێک ڕسوای زەمانم
ئەوەندە ڕوتەڵ و وشکم لەتاوت
درەختی بێگەڵای وەرزی خەزانم
لەگەڵ مەی دا شەوانە هاونشینم
لەمەستیما بەئاستەم ڕێ دەزانم
دەڵێی تارە بەمیزرابی دەسی تۆ
دەکات سۆزی دڵەی پڕ ئێشو ژانم
لەجێژوانێ کەتۆی لێنیت و تەنیام
بەڕوکەش ئادەمیم ڕۆحی ڕوانم
ئەگەرچی لەت لەتی کردوم ئەوینت
کەچی بۆلات دەکەم مەیلی نەمانم
زمانی حاڵی من ، هەر تۆ دەزانی
بەبێ تۆ ، لاڵ و بێ زارو زمانم
کەجێگەت خاڵیە خاڵیم لەخۆشی
دەڵێی پێکراوی تیری نێو کەوانم
ئەمە جەوری ڕەقیبە یاجەفای تۆ؟
پڕی فەریادو هاوارە ژیانم
چ بوو تاوانی (خانە) بێ لەعیشقت؟
بەچی مەحکومی دووری و دابڕانم
03/10/2024
فوغان : ئاهووناڵە
میزراب : ئەو ئامێرەی ژێی تاری پێ لێدەدەن
جەور : زوڵم ، ستەم ، زۆر
ڕەقیب : بەدکاری نێوان یاران و دڵداران ، بەدکار
جەفا : دڵ ئازاری ، ڕەنج
فەریاد : هاوارکردن و لاڵانەوە