فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ژانی ڕۆیشتن

 

شوان عەباس بەدری
شاعیر ، سلێمانی
شەو کۆتایی هات و
دەستەکانی خۆکوشتن بێشکەی نائومێدیم ڕائەژەنێ!
سەر بەرز ئەکەمەوەو
چاوەکانم تەرمێکی بە کفنی ڕەش داپۆشراو
لە ئاسمانی ژینم دەبینێ
دەبینم …. دەبینم
قەلە ڕەشە تاعوونییەکان
بە سەر چلەداری ژیانم نیشتوونەتەوە و
ناوی ژانی لە دایک بوونی رزگار بوویەکی نوێی دەستی ئیزرائیل
لە سەر لافیتەیەک نووسراوە !
تەمەنم ژانی گرتووە
ژانی ڕۆیشتنێکی بەرەو نەمانێکی ئەبەدی گرتووە
من پڕم لە ژان
پڕم لە ژانی هەناسەدان و
دەنگی داریوش و
فڕینێکی ئەبەدی !