فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەگەڵ تنۆکێ گوشراوەی سروشت ئاوێتەم بکە!

ئازا حەسیب قەرەداخی

یەک هەنگاو بنێی، فەرسەخ بە فەرسەخ بە پیرتەوە دێم
بە چرپەی دووان، قسەیەک بکە، ساڵێک بۆت دەدوێم
لە هەر قەدپاڵێ، گەر مشتێ خۆڵی نیشتمان بێنی
بە هەناسەیەک دەبمە دار بەڕوو، لەوێدا دەڕوێم

بۆ تریفەی مانگ، بمدەیە قومێک لە ئاوی کانی
بێ شک دەریایەک خۆی و شەپۆلی ناگاتە شانی*
بە پێچ و لوولدا، ئەگەر توولەڕێی خەیاڵ ڕاکێشی
پەیتا بە پەیتا کوێرەدێش دەبێ بە ئاوەدانی

بولبولی خەندەت لە زەردەی لێوت بچریکێنێ بۆم
تاکو سنووری پێکەنینی گوڵ، بە قاقا دەڕۆم
ئەوا من مەیلم بۆ گۆرانییە، بێنە ئاوازت
سیاچەمانێ بە مێرگت ڕەنگکەم، بڵێ هەر بۆ تۆم

مزگێنیم دەیە، ئەگەر لە لای تۆ بەهار لە نۆ بێ
دەڵێم پێدەشتێ گوڵاڵە سوورە پێشکەش بە تۆ بێ
لە (گۆران) بەیتێ، لە (حەسیب) خەمێ، بهۆنیتەوە
لەم گڕوگاڵەم، بەڵکو منداڵی زمان بە گۆ بێ

بمدەرە دەستی کزەبای زستان با هاوینیش بێ
گەڵای وەریوی پاییزان دەکەم بە نیشانەی ڕێ
ساڵنامەی وەرزان لەسەر سینگی خۆت بنووسەوە بۆم
وا دەکەم هەرچەند لە باوەشما بی دیسان بەهار بێ

پەنجەرەیەکم بۆ بکەیتەوە ڕوو لە ئاسۆی دوور
بەرەو ئازادیت هانێ ئاسمانێک واڵا و بێ سنوور
ئەگەر شاپەڕێ بدەیتە باڵم، دەفڕم بەرەو خۆر
بەرزی خولیامە، گەر بشسووتێم وەک قەقنەسی ڕەنجوور

تۆ وەرە و وێنەی مۆمێ بکێشە شەوی ئەنگوستەم
ڕووگەم بێ لەسەر دیواری ڕەشی وێرانەکولبەم
تا من ڕووناکی گەلی هەساران بکەم بە چەپکێ
وەکوو گەردانەی گزنگی ئەوین لە ملتی بکەم

بە ڕەگ و ڕیشە من نەوەی خۆر و ئاسمان و کێوم
ئاگر ڕەوانمە و تەمەن بە باڵای نەورۆز دەپێوم
گوڵم نیشاندە و قاسپەی کەوێکم بە گوێدا بدە
ئای ئای و هۆرە، لاوک و حەیران دێنە سەر لێوم

کۆڵان ئاڵۆز و شەقام درێژ و تەلار بەرز بن
هێندەی شۆڕەبی کەنار جۆبارێ جوانی نابەخشن
لەگەڵ تنۆکێ گوشراوەی سروشت ئاوێتەم بکە
لەناو یەک توخما، با من ببم بەو، ئەو ببێ بە من
————————-
* دەچێتەوە سەر بەیتێک لە شیعری (جوانی بێ ناو)ی (گۆران)ی مەزن.