ئاوێزان نوری
شاعیر ، کەرکووک
خودایە..
رۆژى هەینى سەرێ بە لەماڵەکەم
ئەگەر هاتى بوخچەى قەدەرمت بیرنەچێ
تا بزانم چارەنوسم لە چ وەیشومێک پێچراوە
ئەگەر هاتى
کراسێکى تەفسیرم بۆ بکڕە
با بیکەمە بەر خەونەکانى تەنیاییم
ئەگەر هاتى
قاوەیەک دەخۆینەوەو..
جا پێم بڵێ بەر نەفرەتى چى قەرەجێک کەوتوم
بەر لەوەی بێیت نوقڵێک بخەرە گیرفانى هەورەوە
تا بە شوێنتدا نەگریێ
سەڵاوێک لە (ئاو) بکە با مان لە شۆڕبوونەوە نەگرێ
ئامۆژگارییەکى (با) بکە
با لە پشت پەنجەرەو دەرگا گوێ بۆ قسەکانمان هەڵنەخا
دەستێک بەسەرى (خۆر)دا بهێنە
تا شار پڕ بکات لە ئاسۆ
ئاوڕێک لە مانگ بدەوە
با تریفە بڕژێنێتە نێو کوچەو شەقامەکان
خودایە
ئەگەر هاتى تەنیا وەرەو..
بەر لەوەى بێیت
تەماشاى ئەداى نوێژەکانم بکە
خۆ من بە دەستنوێژى یەقینەوە
لەسەر بەرماڵى وجود سوژدەم بۆ بردى
ئاوڕێک لە وێردەکانم بدەرەوە
کە هێندەى ئاسمان باڵایان کردووە
پۆستەکە بکەرەوەو نامەکانم بخوێنەوە كه
وێردى منو ئەوانى لەسەر نوسراوە
خودایە ئەم هەینیە وەرەو
وەڵامى ئەو نامانەشم بە خەوێک بۆ بنێرە
منیش
روخسەت لە پایز وەردەگرم و
بۆ پێشوازیت لە برى گەڵا دەکەومە هەلەکە سەما
لە یاداشتنامەکەشمدا بۆ مێژوو دەنوسم
ئەمڕۆى هەینى کاتژمێر (تەریقەتو خولەکێک ئاوڕدانەوە)
خودا لەکاتى پشوى خۆى بە جانتایەک حیکمەت و..
بڕێک ئاشتى و..
ئاشکرا کردنى نهێنیەکانى (بوون)
سەرى دا لە ماڵەکەم