فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نیشتیمان لەنیگایەکەم بەجێماوە!

ئاکۆ ئەلیاسی
شاعیر
لە چاوی منداڵیمەوە
بەسەر چڵی خەیاڵێکی
بابردوویی نێو  دێکەمەوە،
لە مێژ ساڵە
نیشتمان لە نیگایەکەم
بەجێماوە.
لەو کاتەوە،
من مەلێکی بێلانەم و
هەموو ڕۆژێ،
بە ئاسمانی ئاوارەییم
خۆم پێچ ئەدەم
بە زریکەی سەرزاممەوە.
لەو دەمەوە هەتا ئێستا
لە دەرەوی هەناسەی خاک،
من زیندانییم.
بۆ شێلانی ئازاری ژین،
بۆ تراپیی ئەو تراوما
هەموو دنیا
لە خۆم ئەکەم بە پەنجەرە و
لە درزێکی بچووکەوە،
بە خەونەبا،
ئەچمەوە نێو خولیای  فڕین!