فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقــلباب

ئاوات مەلا رسول
چیرۆکنووس، ھەولێر
جێژنە بوو، پلکە نەزیرە بە درەکی خۆش مەلا بانگدانێ لە خەوێ هەستا بخوری پێکرد. شیوی جێژنەی لێنا، لەسەر سێنیە فافۆنە لێو پەڕپەڕەکەی سێ قاپی برنج و قەیسی و مریشکی دانا لەگەر بەرداخە ئاوەکی سارد. بە دیار دەنگی الله اکبر.. الله اکبری مزگەفتی مەلا عەولا بندیانی کە لە پەنجەرەی ڕا دەهاتە ژۆرێ و گێیە بە گوارە حەفت گۆیەکانی، نانەکەی عافیەت کرد. هەندی دەمێ بە تەڕ دەستی هیربارەکانی کەفەک لێدا و لە پەنا دیواری ناندینێ ڕوە و ڕۆژ داینان. چوە ژۆری سەرێ گرێی بوخچەی کردەوە دەستەک جلکی کوردی جوانی دەست دایێ و لەبەر خۆی هەرکێشا. چوە دیار نەینۆکێ کلچوکی لە کلدانی وەردا لەبەرە خۆی گۆتی (تازە کێ نەزەرت لێدەکا نەزیرە؟ ڕەشی کە، وەکی ڕۆژ بەختت، ڕەشی کە) عەلاگەی چوکلاتی لە کانتۆڕێ دەرهینا و لە کاسەی کرد. دەرکەی حەوشەی وارا کرد کەرتە کارپوچەکی بەدەرکەی وەنا نەکا با پێی وەدا. کورسی و تەبڵەکی سۆری هینا هێروەی دەرکەی کاسەی پڕ لە چوکلێتی لەسەر تابڵەی دانا، بەخۆشی لەسەر کورسیەکەی دانیشت تەسبێحە دنک الله موحەممەدەکەی لەدەستی ئاراند، هەتا چاوەڕێی جیران و مێوانان بکا لۆ جێژنە پیرۆزەی. دانیشت و دانیشت، چاوەڕێی کرد و چاوەڕێی کرد. هەر سێبەرەک کە بە پێش ساحێبی کەتبوو دەیدیت سەری هەردەکێشا بزانی مێوانی ویە، نا، هەو نییە. ئەوجارەش هەو نییە. تەمەشای دەرکەی دەکرد کە گێی لە دەنگی دەرکەکی دەبوو دیسان تەمەشای دەکردەوە و چاوی لە بن دەرکەی دەگێڕا، نەکو دۆستەک، ئازیزەک، بیەوێ بە هاتنی هەژەندی بکا و خۆی لێ شاردبیتەوە. نیو سەعات، سەعاتەک، دوو سەعات، دانیشت و دانیشت چاوەڕێی کرد و چاوەڕێی کرد، هیچ کەس ڕێی غەرەت نەکرد و دەقلبابی نەکرد.
پلکە نەزیرە دری شکا. خۆ کەس نەیگۆتبوو کراسەکەت جوان نییە و کلی چاوت ڕژایە، دری شکا چونکە کەس نازی گورە ڕەشەکانی سەر کراسەکەی، و ئەو زەنگیانە شینانەی بە داوەکی باریک خۆیان بە لێوی چەفیەکەی دا هەرواسی بوو هەرنەگرت. بەبێ قسە، بەبێ نیگا، دیواری دری داڕما، و بەبێ فوو بخورەکەی لێ کوژاوە.
بە نا دری لەسەر کورسیەکەی هەستا، بەسەری پێی کەرپوچەکەی تێهەردا ئەولای، دەرکەی پێوەدا و ڕەپێشی کرد، تەسبێحەکەی لەدەستی کردەوە دەستی دا کاسە چوکلێتەکەی و گۆتی(جێژنە بەمن چ وەکی نە بە چاوی سەری دیترام، نە بە چاوی دری!)