فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەی نووری خۆشەویستی

ئەی نووری خۆشەویستی
گوڵاڵە پێنجوێنی
شاعیر، سلێمانی
وەک چۆن ڕیشۆڵە ئاشنای ئازادیە
بەو چەشنە هۆگری عیشقی تۆم
ئەی نووری خۆسەویستی
ئەم هەموو قەرەباڵغیەی
ترنجاوەتە من
تەنیاییم فریو نادەن
ئەی نووری خۆشەویستی
دەزانی چاوەڕوانی ڕەشەبایەکە و
زووتر عومر ڕاو دەنێ و
زیاتر جوانی ڕادەماڵێ ؟
ئەی نوری خۆشەویستی
بەگومانەوە مل مەنێ
هەستەکانم بۆ تۆ
شەتەک دراوە بە ڕۆحمەوە
ئەی نووری خۆشەویستی
پێم ئەڵێن درزێکیش نەماوە
ڕوناکیەک بێتە ژورێ و
چاوە کزەکانت ڕوون بکاتەوە
چما گوێیەکانی من لە
خشتە دەبرێ ؟!
ئەی نووری خۆشەویستی
کەمتر درەنگ بکەوە
عەیامێکە بەدوای وشەگەلێک
دەگەڕێم فەلسەفیانە سوتانی
خۆمت بۆ بەیان بکەم
ئەی نووری خۆشەویستی
دوو دڵ مەبە من لێرەم
ئێرەش ماڵی منە کە هاتی بارانێک
خۆشەویستی دەڕژێت بەسەر خەمەکانداو
دارستانێک خۆش بەختی چرۆ دەکات
ئەی نووری خۆشەویستی.