فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کوڕی ئــازا

ئەیوب ئەحمەد تینووکۆکەیی
شاعیر، بۆکان
کوڕی ئازای بەرەی جەنگم دژی بێدادی وەستاوم
وتەی هەرمانی ئامانجی وڵاتێکم نەفەوتاوم
دەسووتێنم دڵی داگیرکەری بەدخوو بەتێکۆشان
له پشکۆی سووری بەرخۆدانی ئەم ئاماجە هاڵاوم
ڕەگاژۆم خستووە و شاخی وڵاتم کرده پشتیوان
بەڕووی داوێنی کوێستانی چیای کوردم نەسووتاوم
سەری بەرزم لەژێر سێدارەکەی دوژمن نەوی ناکەم
بە پەتکی مڵهووڕی زۆرداری بێعاریش نەخنکاوم
گەلی کورد و چیا و سەنگەر لەیەک نابن هەتا ماون
لە جەرگەی سەنگەری زانست هەدانادەم نەوێستاوم
لە زانکۆی دایکی نیشتمان خەریکم فێره زانست بم
لە نەعرەی ڕاپەڕینی شۆڕشێکی سوور بە جێماوم
دەبا ژیرانه ڕابێنین مناڵانی بەرەی نوێمان
نەکا دوژمن بزانێ گەر لەڕێی ئەم کاره داماوم
دڵی تینووم ئەویندارانە مەستی نیشتمانێکە
دڵ و گیانم بە قوربانی له پێناوی ئەوا ماوم