“شوان تۆفیق”
فرووغ، کچە چاوبادەمییەکەم..
مشتێک موورووت لەبەردەرگەی ماڵی ئێمە
لێ بەجێماوە،
کەی دێی بیبەیتەوە؟
دێتەوە یادت تەمەنت چەند بوو،
کە یەکەمین جار منت لە خواردنگەیەکی چکۆڵەدا بینی و پێکەنیتی؟
بیرتماوە درێژی باڵات چەند بوو،
ئەو ئێوارانەی دواهەمین باوەشت لێ دام؟
لە یادت ماوە چ جلێکت لەبەر بوو،
کە لەژێر درەختێکی قاوەییدا
چاوەڕێت کردم؟
ئای لە بۆنی یەکەمین عەترت،
کە ئاوڕی بە مرۆڤی پیادەی سەر شەقامەکان دەدایەوه..
پێم بڵێ: ئەو شەقامە ناوی چی بوو،
کە تیایدا وەستاین و
من بەشەرمەوە پێم وتی نیگەرانی تۆم؟
خودا بمبوورێت، خۆشەویستم،
لە یادم نییە، نوێژی کام فەرزم لەسەر دیدارێکی تۆ چوواند؟
بەڵام ئەوەم لەیادە ناوی منت لەکۆتایی کام نزادا لەبیرکرد.
ئای فرووغ، کچە چاو بادەمییەکەم
بیرت دێ دیوارێکمان هەبوو وێنەی باڵندەمان لەسەر دەکێشا؟
گەر لەیادت مابێت، دیوارەکەمان لەناو کام خەوندابوو؟
دێتەوە یادت؛
من و تۆ قەڵایەکمان هەبوو لەناو دڵی یەکترییدا،
بەدرێژایی ساڵ لە چاوی دوژمن دەی پاراستین؟
قەڵاکەی من سەرەتای زستان ڕووخا،
خۆشبەختانە قەڵاکەی تۆ، تا ئەم ساتەش بەپێوە ماوە.
چەترێکمان هەبوو ڕەشەبا ئەژنۆی لە ئاستیدا دەلەرزی
ئای فرووغ، کچە چاوبادەمییەکەم
باران دڵڕەقانە ڕەنگی چەترەکەمانی لەبیرکرد..
هێشتا دەستی یەکێک لە بووکەشووشەکانت لەسەر بانی ماڵی ئێمەدا نووستووە، کەی دێی بیبەیتەوە؟
بیرت دێ گۆرانییەکمان هەبوو
ئێوارانی پاییز بەدیارییەوە نەزیف دەبووین؟
لە یادتە لەبەردەمی تەختەڕەشی پۆلەکاندا
من خشتەی لێکدانی سەرلێوی سووری تۆ بووم؟
دێتەوە یادت لە کاتی بۆردوومانی فڕۆکەکاندا هەمیشە من سروودی نیشتیمانیی تۆ بووم؟
گەر بیرتبێ کەی بوو پێت وتم:
من ئیتر تۆزی سەرشانی هیچ پیاوێکی ئەم شارە نییم؟
ئای فرووغ کچە چاوبادمییەکەی جارانی خۆم،
لێرە دیوارێک هەیە، هەموو ڕۆژێک بەسەرمدا دەڕوخێت..
دیوارێک؛ وێنەی تۆی پیا هەڵواسراوە،
تۆ لە وێنەکەدا جلێکی سپیت لەبەرە، لەسەر سێبەری بێ گانەیەک ڕاوەستاویت
کەی بوو پێم وتی: من لە بینینی دیوار دەترسم؟
تۆ لێرە بڕۆی هەموو ڕۆژێک دیوار دەمخوات.
وێنەکانت شەوان بە چەقۆیەکی تیژەوە هێرش دەکەنە سەرم..
کەی بوو پێم وتی:
بمێنەوە! با بە سەر عیشقی تۆوە ئابڕووم نەچێت؟
کەی بوو لێتپرسیم:
گەر یادەوری من شەوێک لە تاریکییدا وەکوو سەگێکی هار، پەلاماری دای،
چی دەکەی؟
ئای فرووغ خۆشەویستە چاوبادەمییەکەم،
لەم گەڕەکەی ئێمەدا فیتنەیەک بەرپابووە
قەدەغەیە خەون بە دەنگی کچێکی چاو بادەمییەوە ببینیت
یاساغە لەژێر پەڵە هەورێکی سپییدا بەدوای پێکەنینی کچێکدا بگەڕێی..
ئای لە ڕەنگی پێکەنینت! ئەو ڕۆژانەی لەسەنگەری شەڕ دەگەڕامەوە، هەمیشە لەفافی سەر برینم بوو.
ئای فرووغ کچی خوێنگەرمی ناو ڕۆژە ساردەکانی من
پەنجەکانت با ئەمساڵیش پشکۆی ناو زستانی من، بن.
ئەوینت ئەشکەوتێکی گەورەیە،
ڕێگەم بدە!
کە تۆفان هەڵی کرد، بە پۆشاکی چەرمینەوە، بەبێ شمشێر لەناویدا بنووم.
ئای فرووغی چکۆڵە ..
من هەرگیز ناتوانم لەخوێنی ئەو ئاسکانە پاکببمەوە، کە چاویان لە جوانییدا
بە چاوی تۆ دەچوون ..
بەسەر پشتی ئەسپەکانەوە مردم و نەگەیشتم بە لای هێلانەی پاسارییەکانی تۆ.
بەدیار گۆڕی خۆمەوە دانیشتم و
چەپکێک گوڵی ناو دەستەکانت نەگەیشتە سەر سینگی برینداری من.
ئای فرووغ کچی ئازییزم ..
تۆ نازانیت ئەو شەقامە چۆڵانەی ئێرە چەند ئازارم دەدەن!
ماڵێک لەو شارەی ئێمەدا هەیە؛ سپێدان لەژێر لاولاوی سپیدا دەگری،
هەموو شتێکی تێدایە،
تەنها لە باوەشێکی گەرموگوڕی تۆی کەمە
ئای فروغی چکۆڵە، ڕۆیشت ئەو ڕۆژانەی
کە بەسەر بانی ماڵی یەکترەوە، کۆلارەی
ڕەنگاوڕەنگمان دەژمارد
گەر بیرت مابێ، کۆلارەکەی من بەدیار ئاسمانی ماڵی ئێوەوە چ ڕەنگێک بوو؟
فرووغ کچی بچکۆلەی چاو بادەمی
من ماسی فرۆش نەبووم
بەڵام لەبەر تۆ هەمیشە بۆنی دەریام لێ دەهات،
پێستم ڕەنگی ئەو بەلەمانەی گرتبوو
کە هەواڵی تۆیان نەدەزانی
شانم بۆنی تەنیایی گرتبوو
بێ تۆ، نەورەسێک لەسەر پەنجەکانی دەستم نەنیشتەوە
ئای فروغی چاو بادەمی
کە لە نیگاکانتا بووم بەبێ گانە
ئاسمان نەیناسیمەوە،
بەسەر تەوری ئەو قسە زبرانەتا کەوتم
کە جارێکیان لەژێر پەڵەهەورێکدا پێت وتبووم
لە باخچەی نەخۆشخانەکاندا بووم بە پیاوێکی دەردەدار
بەناو تاریکیدا تێپەڕیم و لەگەڵ سەرخۆشەکاندا ڕشامەوە.
ئای فرووغ، کچی جوانکیلەم
ئەمڕۆ تۆ پشتت کردۆتە پەنجەرە و لەپشتی هیچ دەرگەیەکەوە چاوەڕێم ناکەیت
نزام کرد هاوین بەفر ببارێ و
پڕ بەناو قژی خۆت بانگم بکەیت،
سەرما وەک ورچێکی سپی بەدواتەوەبێت و ڕاوت بنێ بۆ ژێر پاڵتۆکەم.
زستان لەسەر لوتکەی چیاکان بەجێ ما
تۆش لەناو دڵی مندا بەجێمای،
دانیشتی و
سەرت نا بە پەراسووەکانمەوە،
زەهرتدا بەو کۆترانەی لەبەر دەرگەی ماڵی ئێوەدا چاوەڕێی مشتێک گەنم بوون
من لێرە، فرمێسکم دا بە پەڕەی ئەو ئەلبوومانەی
پڕبوون لەنیگای ترساوی تۆ.
فرووغ، کچی چاو بادەمی
ئەو ڕۆژەی وەڵامی سڵاوێکت نەدامەوە
باش بوو سیگارکێش نەبووم
ئەگەرنا لەبەردەمی دەڕابەی داخراوی دوکانێک دادەنیشتم و
ئاگری سەد و یەک جگەرەم بە پشتی
دەستم دەکوژاندەوە
سەرم بەسینگی ئەو عاموودانەدا دەکێشا
کە لەمێژە دەستی کەسیان بەر نەکەوتووە.
ئای فرووغ کچە بچکۆلەکەم
دەردت ئەوەندەگران بوو، نەمتوانی لەلای خۆم هەڵی بگرم،
بەناچاری دام بەگوڵی ئەو باخچانەی دوور لەنازی باران لە هاویندا وشک بوون.
دام بە ماڵی ئەو مێروولانەی لەڕێگەی دۆزینەوەی کڵۆشەکرێکی بچووکدا
مردن..
دام بەباڵی ئەو ڕیشۆڵانەی لەتۆڕی ڕاوچییەکان گیربوون و
بۆ هێلانەکانیان
نەگەڕانەوە.
فرووغ کچی بچکۆلەی چاو بادەمیی،
کەڕۆیشتی لەخودا پاڕامەوە
کە لە شەقامەکان دەپەڕیتەوە، دەستت بگرێت،
کە دەگریت، ئاگای لە جوانی چاوت بێت
کە تەنیا بوویت، منت بۆ بگەڕێنێتەوە
بەردەرگەی ئەو ماڵانەی،
پڕبوون لەپەڕی کۆتر ..
من کە جاران هەمیشە پەروێزی
ناو نامە
دوور و درێژەکانی تۆ بووم و
ئێستا نییم..
بۆئەوەی بەچاوەکانتا نەڕژێم،
لێت پاڕامەوە تا پێڵووەکانت دابخەی،
ئەفسووس لە چاوەکانت ڕژام و
دوێنێ بە لەتێک سێوی بریندارەوە،
لەسەر شۆستەی
یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارەدا،
بەڵێ، بەبەرچاوی خوداوە
ونت کردم.