سدیق عەلی
شاعیر، سلێمانی
کەس مەیلی دانیشتن لەم ژوورەدا ناکات
ئەوەی لە ئەزەلەوە لە بن پەردەی ئەندێشەدا هەڵتروشکاوە
گرمۆڵەبوونی هەناسەیە بەدیار سینەی شەکەتەوە
هیچ کەس لێرەدا چاوی ناچێتە خەونی ئاڵ
ئەوەی پرخەی دەگاتە کۆڵان
لاشەی ئومێدە بەوهەموو ئازارە پەنهانەوە
کەسێک نایەتە ژوورەوە
ئەوەی قەدەری دەرگا دەخاتە نەرمە سەما
دەستی بەجێماوی خێوەکانی خەیاڵە
هیچ کەس سەر بە ژووری فەردانییەتی ئێمەدا ناکا
ئەوەی دێتە دیدەنی خامۆشیمان
پارچەی ئەو پەیکەرانەیە
کە لە کریستاڵی تەم هەڵمانچنین
کەس لە حەوشە نییە
ئەوە کۆتری درنجە بەسەر کەپری مێوەکەوە گمەی لێ دەکەوێ
کەس لە هەیوانەکەوە پێڵاو داناکەنێ
ئەوە رەنوی بیرەوەرییە بەسەر بێشەڵانی چاوەڕوانیماندا دەڕمێ
کەس لەبەر دەرگا نییە
ئەوەی دەزرینگێتەوە کرتەی درزبردنی وەهمە
ئەوەی سێبەری لەکۆڵانە
تارمایی خورافاتە دەکشێ
بەرەو سووچە نسرمەکانی خەون.
کەس لە پشت پەنجەرەوە رەت نابێ
ئەوەی هەڵی کردوە بای حیکایەتی پوچە
لافاوی هەزاران داڵغەی لێخنە..