شوان موحەممەد
شاعیر، ھەولێر
بێ ئەوەی هەست بکەم
هەندێ جار لە بازاڕ
خۆم و ئەزیزەکانیشم دەکڕم
هەریەکەیان لە شوێنێکی ماڵەکەمدا دادەنێم
یەکێک لە ڕاڕەوەکەدا هەڵدەواسم
ئەوی دیکەیان لەسەر مێزی ناوەڕاستی هۆڵەکە و
یەکێک لەناو دەلاقەکە و
ئەوی دیکەش لای مێزی تەلەفزیۆنەکە و
ئەمەی دیکەشیان لە ژوورسەرم، لەسەر کۆمەدییەکە
جاران نەمدەزانی دایکم
بۆچی، بۆ شکانی هەندێک لەو بووکەڵانە
لێمان توڕە دەبوو
بۆ هەندێکیشیان دەیگوت:
بەقوربانی خۆت بێت
ئێستا دەزانم
ئەوەی کە لە دەستمان دەشکا و لێمان توڕە دەبوو
ئەوەیان ئێمە بووین
ئەوەی کە دەیدایە دەستمان بۆ یاریکردن
ئەوەیان خۆی بوو
بۆ ئەوەی دیکەشیان
کە لە دەستمان دەشکا و دەیگوت خۆت سەلامەت بیت
ئەوەشیان دیسان هەر خۆی بوو…
ئێستاش کە دەچینە بازاڕ
من پیرەپیاوێکی ڕیشسپی هەناسە سارد دەکڕم
کوڕەکەشم
دەست بۆ کارەکتەری فیلمە دڵخوازەکەی دەبات
دایکیشی ژنێکی کەمێک بە ساڵاچوو
پیرەپیاوێک دەبینم
دەست بۆ ئەو بووکەڵانە دەبات
کە بەرگی بووکێنی و زاوایەتییان لەبەردایە
بە مەراقێکەوە دەڵێ:
خۆ ئەمجارەش ناشکێن!
دوکاندارەکە خۆی و ژنەکەی بۆ دەکاتە زەرفێکەوە
کیژۆڵەیەک خۆی دەکڕێ
بە ترسەوە دەست بۆ بووکەڵەیەک دەبات
بە جلی سەماوە
تەماشایەکی باوکی دەکا و بە پرتاو لەبن دەستی دەنێ
دەیەوێ شەوان باشتر ئاگای لەخۆی بێت
خۆی و خۆیەکەی دیکەش جوان جوان داپۆشێ
کەسمان هیچ ناڵێین
بەڵام لە ڕاستیدا
کە دێینەوە ماڵەوە
هەریەکەمان خۆمانمان کڕیوە
لە بیرم ناچێ
ئەو شەوەی مناڵی میوانەکەمان
بووکەڵەکەی ژوورسەرمی شکاند
بە نابەدڵییەوە دەمگوت
لێیگەڕێن لێی مەدەن
ئەمە یەکەم جاری نییە دەشکێ!
هاوڕێیەکەم
بەوە شاگەشکە بوو
کە ژمارەی بووکەڵە قاوەییە قژبژەکانی بوون بە سەد دانە
ئەو بۆ ئەوەی بەرگەی ون بوون و شکانەکان بگرێ
بەرگەی هەموو ئەو تانە و ئازارانە بگرێ
خۆی کردبوو بە سەد پارچە…!
گوڵانی ٢٠٢١