فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شــیعر

حەمە ڕەشید ڕەواندزی
شاعیر
ها تیت پارچەكانم  كۆبكەیتەوە ؟
برینی ڕابردووم ساڕێژكەیتەوە ؟
بڵێیت گازم نەگرتبێت لە سێوەكەی بەهەشت ؟
ئیمامی (علی) یش لە هەژمەتا سەرم نەبڕێت ؟
عیسای مسیحیش من لەخاچم نەدابێت ؟
پرسیم قەت غەم بێزار نەبوە لێم
بەتەنیاش ڕاكەم هەرلەدواوەم
زەمەن و قۆناغێكە بێدەنگ كراوم
ژێی دڵم لە ژەنینی  ڕووحم
ژەنگیان گرتوە و بێ هەست كراوم
قەدەر بەدەست خۆم نەبوە لەهاتنم
گەر پرسیان پێ بكردمایە ؟
دەموت :- خۆزگە نە هاتمایە
بەهاتنت بۆ دونیای من :-
بە پارچە پارچەیش دڵم گڕی گرت
ڕوحی عەشقم گوڵی گرت
پێش ناسینت :-
دەرویش و مریدی دیوەخانی سیاسەت
ئەندێشەو ئایدیا هەستمی داگیر كرد
هەموو خولیاو ئارەزوومی لەناو برد
خەیاڵدانم هێندە سیخناخ و وشك بوون
هەرچی ئاوازی روحمە كون كون بوون
چێژی ژن و بۆنی عەتر  وێرانە بوون
كەسایەتیێکی غوبن و بی پێناسە
وەك قاڵبێك سەهۆڵی بێ هەناسە
منێكی گۆشەكراوی وڵاتی بەفرو باران
چیرۆكی ژینم (تاڵی) و دووری لە یاران
دۆستی شیعرو سۆفی عیشق و جوانی
مرید و دەروێشی تەكیەی نالی و خانی
10 / 1/ 2020