پارچەیەک لە تێکستی “ژانێکی ڕژاو “
ڤان شێرزاد
شاعیر،
بمنۆڕێ؛
دیسانەوە ئەو چرپەیەت بۆ دەکەمەوە بە گۆرانی:
” ئێوارەیەک بەرلەوەی ئاوابوونت بگاتێ
دەگەڕێمەوە
تێڕامانت بە نەزەرێکی ڕووت دەپڕژێنم،
ئەو پەنجەرانەی لێیانەوە لێت بـزر بووم
سەریان لە قورێ دەنێم و
دەیانکەمەوە بە دیـوار
لـە گۆشەی حەوشەکەتدا
وەک کراسە نیەتـبارەکانی سەرتەناف
لە باهۆزی ئەو غەدرەت دەدزمەوە و
ئەبەدی تر بە خۆمتدا هەڵدەخەم “
بمنۆڕێ؛
بەر لە درەنگتربـوونـی ئەو درەنگییە، دەگەڕێمەوە !
لەبەردەمی ئەو ئـاوێنانەی
گەرەکت بوو چوارچێوەیان پڕکەین لە ڕووتبوونەوە،
لە لاگوێی چەپم چرپاندت و گوتت:
باسکی هیچ ژنێک هێندەی تۆ
بەپەناو پێچی مندا ڕۆنەچوو
کەسیش وەک من،
لە تەنگەبەرییەکانی ڕۆحت
تولە ڕێی نەدیتنەوە بۆ بەرکەوتنت
وەختێک لە ڕەنگاوی ژانێکی ڕژاوی مندا
تابلۆیەک دەکێشی
ئۆقرەگیریم ئەو دەمە دێت کە خۆم و خۆت
لە نێویدا لە چوارچێوەیەکی دارین بگرم بۆ مانەوە.

