بەکر ئاڵەیی
شاعیر،
ئەو ڕۆژانە چۆن بهێنمەوە ناو خەیاڵم، لە نیگایەكت دەبووم بە كۆترێكی سپی و بۆ خوێندنی گۆرانیەك، قاچەكانیشم دەبوون بەباڵ؟
ئەو ساتانە لەگەڵ بزر بوونی دەستگوشین و چاوداگرتنێكی ئێواران ڕۆیشتن!
لە تێر بوونی مردن و نەچوونەوە سەر عیشق ڕۆیشتن!
پرسیارێكی سەیرە! بۆچی واز لە خاوێنكردنەوەی برینەكان دێنی و ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی نیگاكان؟
تەمی ئەو دووریانە خەریكە من وهەورەكانی گریانیشم دەخنكێنێت!
ناهێڵێت، بۆ سەوزبوونی خۆم و بۆ نوسینەوەی جۆگەكانیش ببارم،
ناهێڵێت،
بۆ سروەی سپێدەكانیش پێبكەنم،
ناهێڵێت،
بۆ مردنی باخچەكان بگریم،
چۆن بتوانم ئەو ڕۆژانە ئاشت كەمەوە دڵێك دەیەوێت زیندوو بێتەوە.

