موراد عەلی
نووسەر
لەگێژاوی تەمی دنیادا/
لەژێر ئاگردانی چەرخی فەلەکدا/
بە پێنووسێکی سو… نا لەترسی خوێن ناڵێم سوور/
لەپڕ دەدەمە گرمەی نووسین/
بە پێنووسی ئەفسەرێک کە دەنووسێ، خوێن/
یاداشتی شاعیرێکی کوژراو ئیشی من نییە، یاداشتێکی سارێژنەبوو دەکەمە قەسیدەیەکی بێکۆتایی/
قەسیدەیەک لێوڕێژ لە برین
کە بتوانم تێیدا بگریم، تێیدا بدوێم تێیدا خۆم بم/
باران کە سپێرمی ئاسمانە
لە زێی زەویدا منداڵی کچی
دەبێ: ناوی دەنێ نێرگز هەست دەکەم تژی بووم لە خۆم و لە بارانیش، باران کە هەمیشە خەیاڵم ئاودەدا/
لە پیرە بازارەکەی شار دەکەومە نێو گاڵەگاڵ و دەبیستم: هەراجە شیعر، هەراج/
گوێێ ناگرم لە هەراجفرۆشان و بەدەم بیرکردنەوە
لە شیعر و تۆ تێدەپەڕم/
نەفرەت لە برسییەتی دەکەم کە زمان ناتوانێ ڕزگاری بکات، نەفرەت لە شیعرکوژان دەکەم لەو ئەفسەرەیش کە لە قەرەی زوڵمەکانی نەهاتم/
با بچمەوە خەڵوەتی خۆم چش/
با بەردەوامببم لە بینینی خەونەکانم، ئەو خەونانە کە هەزار جار دووبارە لە خاچ درانەوە/
گا سەرخۆش گا تینوێتی مناڵی تێنوێتی بە گریانەوە خلۆردەبمەوە گەرەکە پیرەکەمان ئەو گەرەکەی هەموو بەیانییەک جەژن بوو، هەموو دڵشکانەکان لە نوێژی ئێوارە چاکدەبوونەوە. گەرەکێک هێندەی دنیا کۆن بوو ئێمەیش لە نوێ تازەتربووین… گەرەکێک بە هی خۆمانم دەزانی، پێموابوو یەکەم ئازار من چێشتم تێیدا کاتێ لە دۆڕان زیاتر نەبوو بەشم!
پلیکانە
پلیکانە
بەرەو
گەورەبوون
شکست
زیاتر
منیش
نائارامتر/
شەو نم نم شەونمی دەهێنا کە دەتگوت شەوشاد بیرم ناچێ گۆرانییەک «بووبوو بە وێردی سەرزارم،»کە تەنێ دوو وشەم لێی دەزانی، ئەمێستا دڵپر و زاربەتاڵ دۆشداماوم/
یاداشتی ڕامووسانت کەس ناتاسێنێ، هەر گەروی خۆم هیلاکتر دەکات/
نەنگی نییە گریان بۆ پیاوێک کە بیری کەسێک دەکات یەکەم خەتی لاوی بووە بەدڵی داهاتووە، بۆ ئەو کۆدەی کە هەر خودا دەیزانێ، بۆ سیعرێ شیعریش بەتاڵی ناکاتەوە
گریان لەپێناو مانەوە، لەپێناو خۆنەکوشتن شەڕەفە نەک بێدەسەڵاتی/
تەنیایی ئاساییە مردنەوەی ڕۆژانە ئاسایی نییە،
پیرێک
وای گوت:
من شاعیرانەترم یان چاوەکانی ئەو، عاسمان
وای گوت:
مـن سیعراویترم یانژی دەنگی ئەو
شیعریش ئاوا دوا…
گرەوی تۆ چ مەرهەمێکە ئەوهەموو زامە سارێژدەکات؟
دانیشتووم بیردەکەمەوە
دانیشتووم دەنووسم
دانیشتووم شەڕی فرمێسک قوت دەدەمەوە
دانیشتووم دووریت دەکۆڵمەوە
دانیشتووم پیری لە روخسارم دەسڕمەوە
دانیشتووم ئیرەیی بەو کتێبانە دەبەم کە تۆ دەیانخوێنیتەوە، ئیرەیی بە خۆیشم دەبەم ڕۆژێک خۆشت ویستووم، دیسان نکۆڵی لە بێهودەییەکان دەکەمەوە/
شەڕ بە درەخت دەفرۆشم، بۆچی لەتۆ ناچێ بۆچی هەرلێرەیە؟ بۆچی وەڵامی بۆچییەکانم ناداتەوە، تا بشیسەلمێنم شێت نیم ئەم نووسینە دەنووسم و یاداشتێکی پڕ سەرکێشی دەنووسمەوە و دەڵێم: لەپێناو نەمردن نووسین لەپێناو نەمردن ش،ی،ع،ر