شنەی شادیم
دەریا ھەورامی
شاعیر، ھەڵەبجە
چەشنی باران دەباراند
پۆخەی پێکەنینم لە نێو
ئینجانەیەکی سپیدا دەچاند
بزەی لێوەکانم دەڕژاندە نێو دڵەوە
زنەی خەندەم وەک دەوا دابەشدەکرد
لە پرووشە قاقاکانم
هەوای تازەم ئامێتە دەکرد،
بنەوانێکم بۆ جۆگەلەی
خامەگەلێک هەڵدەکرد
تا دوا نەفەس وشک نەکەن،
بنپەلی دارهەنارێکم دەکرد
تا دوا دەنک ئەوین بگرێ،
دەستی گوڵە چنوورێکم دەگرت
تا دوا بەهار بۆن پەخش کات،
شارۆی گوڵەگەنمێکم دەکرد
تا دوا تۆو خەرمەن بچنێ،
دەبوومە پەرژینی گوڵەباخ
تا دوا شکۆفە گوڵاوپرژێنی ڕۆح بکات،
تاکوو دڵێک خاش نەبێ
خەونێک توونا نەبێ و بەهرەیەک نەکەوێ
عەجەب خۆم فەنا بووم
کەوتمە زێوار و بەسەیرچــووم!