فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا
ڕەوڕەوەی تەمەن…
نەسرین تەنیا
شاعیر، سلێمانی
قاچەکانم لە کۆڵانەکانی
خەیاڵدانمدا
بە دیار ڕەوڕەوەی تەمەنەوە
مانیان گرتوە
نە بۆ پێشەوە ڕێ دەکەن
نە بۆ دواوە.
لە کۆڵانی جێژوان و
چاوشارکێی
 پشت درەختی خۆشەویستی
کچۆڵەیەکی هار و هاچ
بۆ دیداری کوڕێکی سەرشێت
بە ئەنقەست
کاتژمێرەکەی مەچەکی
وەستاندووە و
چرکەکانی ترپەی دڵی
ئاوێتەی سترانی باڵندەکان
چاوەڕوانی هاتنە
ئەو لە ئەشقێکی هەرزەکاری و
 کچۆڵەیدا ماوەتەوە
ساتەکان
لە چاوەڕوانیدا بەڕێ دەکا
بێ ئاگا لەوەی
کە قاچەکانی لە بێ تواناییدا
ڕێ ناکەن و
ڕەوڕەوی تەمەن
لە حەرەکە نەوەستاوە.