” کلیلی شکاو”
بەفرین شەڕەفکهندی
نووسەر، مەھاباد
چەند جار پارچە خامە تەڕکراوەکەی بە دەموچاویدا هێنا، ئەوسا دەست و لاقی پێ خاوێن کردەوە. هەستی کرد بڕێک گەرمە و پلەی گەرمای لەشی سەرووتر لە ڕادەی سروشتییە. تەختەکەی لەسەر حاڵەتی دانیشتن میزان کرد. قژە کورت و ماشبرینجییەکەی بۆ شانە کرد. لێچکە سەوزە گوڵ زەردەکەی بۆ لەسەر کردەوە؛ لەپشت ملی گرێیەکی شلی لێ دا. قۆرمەسەوزییەکەی کە لە ماڵێ، لە میکسێری دابوو کەوچک کەوچک بە دەمییەوە کرد. سەری بادا بە نیشانەی ئەوەی کە چی دیم پێ ناخورێ. پێنج شەش کەوچک نەبێ نەیخوارد. کەوچکەکەی بۆ لای زاری بردەوە وبە دەنگێکی هێدی
کوتی: دایە گیان ئەو کەوچکەش بخۆ.
زاری نەکردەوە. نووزەیەکی لێ هات:
ئاو.نەیەکەی لە لیوانە ئاوەکە نا و چەند قومی خواردەوە.
بە دەسرەسڕێک دەمی بۆ سڕییەوە.
ناڵاندی: ئااایییییی ئای ئای!ـ
ـ دایە گیان کوێت دێشێت؟وەڵامی نەداوە.ـ
ـ دایە گیان؟چاوی لێ کرد. بەهەناسەبڕکەوە
کوتی: هە… گیان! هە…ـ
ـ بەقوربانت بم پێم بڵێ کوێت دێشێت؟
ــ ئااای! هە… هە… هەم… هە… موو… گیا… نم.
سەری بۆ لای مانیتۆڕە سەرەکییەکەی پشت سەری سووڕاند. زەینی دایە و لێی ورد بۆوە. ڕەنگە سەوزەکەی سەرەوە، ڕەیتی قەلبی 103. خوارەوە وی زەختی خوێن ماکسیمۆم لەسەر مینیمۆمی 84/ 138 کە لەژێر وان ناوگینەکەی”110″ نووسرابوو.
ڕەنگە وەنەوشەکەی خوارەوە، ڕادەی ئۆکسیژێنی خوێنی 95 بوو. ڕەنگە زەردەکەی خواروە هەمووان، ڕێژەی مەودای هەناسەکان 19ی پێ نیشان دا.چاوی لەسەر مانیتۆڕە سەرەکییەکە هەڵگرت و بەسەرسووڕمانەوە چاوی بڕییە کیسەی سۆندەکەی کە بەتاڵوحەتاڵ چۆڕێکیشی میز تێدا نەبوو!چاوی لێ کرد. ئارەقە لە نێوچاوانی تکتک دەتکانە خوار. دەنگی تەقەتەقی وێککەوتنی ددانە دەستکردەکانی دێت؛ تاولەرزەیەتی. دووحاچە کانۆلاکەی لە کۆنە کەپۆی ناوە هەتا هەناسەکانی ئاساییتر بکات. هاوکات
کوتی: دایە گیان! ئەمن هەر لێرەم خاترجەم بە ناڕۆم، دەچم پرسیارێک لەو پەرستارە دەکەم و دێمەوە.
دەستی بۆ لای ئانژیۆکێدەکەی برد کە بیپچڕێت؛ دەستی گڕت و نەیهێشت. ئەوجار پاڵسئۆکسیمێترەکەی لێوە کرد کە بە قامکی شادەیەوە لکابوو. چاوە کەمحوکمەکانی تێ بڕی و
کوتی: هە… مە… ڕۆ.پاڵسئۆکسیمێترەکەی بۆ لێ داوە و
کوتی: دایە گیان! لەسەرت گەڕێم لێی مەکەوە باشە.
تەختەکەی لەسەر حاڵەتی دانیشتن لابرد و پەتۆکەی هەتا سەر سینگی کێشا و بۆ لای پەرستارەکە هەنگاوی نا. بە دەنگێکی ئارام کە نەبێتە هۆی وەخەبەرهێنانی نەخۆشەکان، ڕوو بە پەرستارەکە
کوتی: خانم پەرستار، دایە گیان نۆبەتییەتی، ئەگەر نابێتە ئەرک تاوپێوێک بێنن و چاوێکیش لە سۆندەکەی بکەن، چون پێنج شەش کاتژمێر دەبێت کیسەکەی بەتاڵ کراوە و ئەلان چۆڕێکیشی میز تێدا نییە. تکایە بزانن هۆیەکەی چییە. با دیسان کڕاتینەکەی نەچێتەوە سەر و ئاستی وشیاریی کەم نەبێتەوە.
پەرستار لەپشت کامپیوتێڕەکە هەستا و بەرەولای تەختی نەخۆش ڕۆیی.
شتی وا چۆن دەبێت؟
کاتێک چاوی بە کیسە بەتاڵەکە کەوت، ڕوو بە ئەو وای کوت.پووشەکەکەی کردەوە و چاوی لە شیلانگی سۆندەکە کرد و بڕێکی دەستکاری کرد
و کوتی: پووشەکەکەتان زۆر بۆ توند کردبوو، هێندێک شلی بۆ ببەستن.
بە پێکەنینێکی ڕواڵەتییەوە کوتی: مەڵێ ئێمە بەسەرنجەوە سۆندەکەمان بۆ دانەناوە و بەسەر ئێمەی دابهێنە! بەهەرحاڵ دەستەکانت خۆش بێ.
هاوکات کە تاوپێوەکەی لە بنهەنگڵی دەنا
کوتی: بەهەڵکەوت ئەو شتانە دێنە پێش.
دوای چەند چرکە، دەنگی جیکەی تاوپێوەکە هات. چاوی لێ کرد 39 بوو. شیاڤی دیکلۆفێناکی 100ی بۆ دانا.دایە گیانی کەمێک ئارام بووەتەوە و لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرێت و کارت و کەوچک و چەنگاڵەکەی لەپاڵ لیوان و ئیستکانەکەی داوێت هەتا بچێ بیانشواتەوە؛ بەڵام دڵی نایبات. ئیزن لە پەرستار دەخوازێت لە قاپشۆری دیوی پێرسۆنێل کەڵک وەر بگرێت. پەرستار بەناقایلی کلیلەکەی دەداتێ و دەڵێت:
دەرکەکە هەتا بە کلیل داینەخەی جووت نابێت، با دەنگی شوردنی قاپوکەوچک نەگاتە نەخۆشەکان و دەرکەکەی لە دیوی ژوورێ داخە.
کڕەکڕ شتەکانی شووشت. کارت و چەنگاڵەکەی ئاوکێش کرد و لە قڕتاڵە شینەکەی نان. پارچەکەی ئاوێی پڕ کردەوە. پێش ئەوەی کە دەستیان بداتێ چوو دەرکەی بکاتەوە، کلیلەکی سووڕاند. بەڵام دەرکە نەکراوە. دیسان سووڕاندی، دیسان نەکراوە، پاڵی بە دەرکەکەوە نا و بەهێزتر لە پێش کلیلەکەی سووڕاند؛ کرتەیەکی لێ هات و کلیلەکە شکا. تەقتەق لە دەرکەی دەدا و بەئارامی بانگی پەرستارەکانی دەکرد:
خانم پەرستار. کەس لەوێ نییە؟
خانم پەرستار.پەرستارەکان گوێیان لێ نەبوو. هیچ کام لە نەخۆشەکانیش هەمڕاهیان نەبوو کە بە هانای بگەن. لەنەکاو گوێی لە دەنگەدەنگێکی شڵەزا بوو.
ــ دوکتوری ئانکاڵ کێیە؟
ــ دوکتور باڵانجی.
ــ بڕێک دەستوبردت هەبێت بەڵکوو بتوانین ئێحیای بکەینەوە.
ــ ئەدی هەمڕاهەکەی کوا؟
بە دەنگێکی بەرز هاواری
کرد:ــ خانم پەرستار ئەمن لێرەدا حاسێ بووم.
لەبیری چووبووەوە کە لە بەخشی “سی سی یو”یە؛ پەیتاپەیتا لە دەرکەی دەدا. دەنگی ترپەی دڵ و تەقەی درەکە تێکەڵاو ببوون. دەورێک بە دەوری خۆیدا سووڕا. چاوێکی بە وڵاتدا گێڕا. کارت و کەوچکێکی لە قڕتاڵە شینەکە دەرهێنا. ئەوسا پێچی دەسگیرەکەی بە نووکی کارتەکە شل کردەوە، دەسگیرەکەی لێوە کرد، لەتە کلیلە شکاوەکە بەربووەوە سەر سڕامیکەکە و دەنگی داوە.لاسکی کەوچکەکەی وەبەر زمانەی دەرکەکەوە نا و چەند جاری گوشار بۆ هێنا و دەرکە کراوە. بەغار بۆ لای دایە گیانی چوو. ئەژنۆکانی فیچانەوە، تەختی خەسووی لەوێ نەمابوو…
پێشکەش بە ڕوحی پاکی خەسووی جوان و هێدی و هێمنەکەم حاجی مەنیژە ڕەسووڵی