لەکوێی
ئەیوب ئەحمەد تینوو کۆکەیی
شاعیر، بۆکان
هۆ نەمامی باغی ژین،ئەی شۆخی نەخشینم لەکوێی؟
چی دەکەی ئێستا بەبێ من،گیانی شیرینم لەکوێی؟
خەونی مەرگی خۆ دەبینم تا لەبەرچاوم ونی
بۆ دەڵێی زیزی لە من لەم شارە ناتبینم، لەکوێی؟
ماڵی دڵ هۆبەی ئەوینت بوو کە ئێستا چۆڵگەیە
تارە ئاسمانی ئەوینم،مانگ و پەروینم لەکوێی؟
کێ دڵی تۆی کرد لە من؟ بەم جۆرە ئازارم دەدەی
گەی بە دەریا جۆگەلەی خوێنینی ئەسرینم، لەکوێی؟
تا بەکەی ئاوارەبم لەم شارەدا بۆ دیتنت؟
تۆی بەهانەی بۆ ژیانم تاقەتی ژینم، لەکوێی؟
کێ دەکێشێ نازی تۆ چەشنی منی تینووی ئەوین
بۆ لەبەر چاوم ونی هۆ هێزی بینینم لەکوێی؟
بێهەواڵیت بوو بە مایەی شەو نەخەوتن تا بەیان
ئەی کزەی جەرگ و هەناوم،یاری شەرمینم لەکوێی؟
27ڕەشمەی 403