فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شــیعر

شیعر
ھێمن حەمە جەزا
شاعیر، ئەڵمانیا
وەک کەڵەکێوییەکی بێ شاخ
وەک فیلێکی بێ لووت!
وەک یەکەم گوللەی ڕاپەڕین
وەک یەکەمین خوێنی خوشکەکەم!
وەک کرمی قەدی دارێک
وەک برینی چڵککردووی هەڵاتوویەک
ئازار لە لەشم دەچۆڕێ و خەیاڵەکانیشم،
وەک ڤایرۆسێکی کوشندە بە خەونەکانمدا بڵاوبۆتەوە و
پاڵمداوە بە هاوار و دەنگی تۆوە
کاتێک گۆرانیی ڕۆژانی ڕووخان دەڵێم،
پێش کوژرانم!
بەڵام هێشتاکەش
هەر کە باران دەبارێت
بیری تۆ دەکەم،
من!