شیعر
ئیدریس لاھووت( لاھووتی)
شاعیر، تاران
یا ئاگرێ بەرپاکە، یا بادە بە سەرماکە
تاخیری نەکەی چاکە، یا وا بکە یا واکە!
یار چەشنی غەزەل ڕێکە، هەم پیاڵەیە و هەم پێکە
کێشەی کە نەبێ کێشی، بێ کێشەیە سەرواکە
هەم لەیلی و مەجنوونە، هەم حازر و بێچوونە
هەم مەرحەمەتی زۆرە و هەم دڵبەر و چالاکە
هەم میهری هەیە و وەسڵی وەک ماهە بە تابانی
هەم قەهری هەیە و هیجری هەر وەک شەوە، بێ باکە
خۆی باقی و خۆی ساقی، شیرینییە هەم زاقی
هەم دەردە لە بۆ عاشق هەم مەرهەم و تریاکە
خاکی بەری پێت جانا بەو ئەشکە وەکو گوڵبی!
لوتفێ بکە ئەو خاکە، بێ گشتی بە سەرماکە!
مادەم وەکو دەریایە، بەحری غەزەلی کوردی
مەرجان و دوڕی سەیرکەن، نەک بەس کەفی دەریاکە!
ماکێکە لەسەر دیدە، وەک پەردەیی نادیدە
بیشۆ بە عیشق چاوت! تا لا بچێ ئەو ماکە.